عێراق وردەكاریی گەڕانەوەی خێزانیەکانی ناو كامپی هۆل ڕووندەکاتەوە
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، پشكنینی ئەمنی بۆ ئەو كەسانە ئەنجام دەدرێت، كە لە كامپی هۆلەوە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق، دەشڵێت، حكومەت ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەكان.
ناوەندی هەواڵ
ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی گەڕانەوەی خێزان و منداڵانی چەتەكانی داعش لە كامپی هۆل بۆ میدیا عێراقییەكان ڕایگەیاند، پشكنینی ئەمنی بۆ ئەو كەسانە ئەنجام دەدرێت، كە لە كامپی هۆلەوە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق، هەروەها پرۆسەی چاكسازی تایبەت هەیە، بۆ ئەو خێزانانەی لە كامپی هۆلەوە دەگەڕێنەوە، بەتایبەتی بۆ منداڵان و ژنان.
ئاماژەی بەوەکردووە، حكومەت ڕەتی دەکاتەوە ئاوارەکان بە زۆرەملێ بگەڕێندرێنەوە، بەڵام جار جارە هێزە ئەمنییەكان بەدواداچوون بۆ ئەو كەسانە دەكەن، كە لە كامپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، هەوڵەكانی حكومەت بۆ گەڕانەوەی خێزانە عێراقیەكانی كامپی هۆل بەرەو پێشچوونى بەخۆیەوە بینینوە، هەروەها بەشێوەیەكی جددی و پیشەیی مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارەكاندا دەکەن، سەرجەم كامپەكانی داخران و تەنها ٢٣ كامپ لە هەرێمی كوردستان ماونەتەوە، تا ئێستا نزیكەی دوو هەزار خێزانی عێراقی لە دەرەوەی وڵاتان كامپەكەیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە عێراق.