سلێمانی، ژنان دژی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لە پێشی ڕێپێواندا بوون
سەدان کەس لە توێژە جیاجیاکانی شاری سلێمانی دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی پەدەکە، ڕژانە سەر شەقام و داوای چوونەدەرەوەی سوپای تورکیان لە خاکی باشووری کوردستان کرد.
سلێمانی
ئەمشەو لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی تا پارکی نالی بە پێشەنگایەتی دەستەی دەستپێشخەریی باشووری کوردستان دژی داگیرکاریی، ڕێپێوانێک ڕێکخرا، سەدان کەس لە ، ژنان، گەنجان، چالاکوانان، ڕۆشنبیران و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد و دروشمەکانی "باکور باشوور ڕۆژهەڵات، یەک ئامانج و یەک خەبات، سوپای تورکیا بۆ دەرەوە، تیرۆریست ئەردۆغان، بمرێ خیانەت، ئەردۆغان و بارزانی، دوژمنانی ئازادیی، بژی بەرخۆدانی گەریلا"یان دەوتەوە.
لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان و شوێنەواری هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک بەرزکرابوونەوە، دوای گەیشتنی ڕێپێوانەکە بۆ بەردەم باخچەی نالی، هاوڵاتیان گردبوونەوە و تێیدا نەورۆز فازڵ، ئەندامی دەستەی دەستپێشخەریی باشووری کوردستان دژی داگیرکاریی بەیاننامەی ڕێپێوانەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی تورکیا بە فڕۆکە و هێزە پیادەکانی، بە چەکی کوشندە و ڕێگەپێنەدراوەکانی، پەلاماری ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و چیای کۆڕەژارۆی لە ئامێدی و شیلادزێ داوە، چونکە تاکە پارێزەری ئەم نیشتمانە پەکەکەیە، لە هەمان کاتدا، هەزاران سەربازی بە هەماهەنگیی پەدەکە و چەتەکانی نووسرە لە ناوچەکانی ئامێدی و شیلادزێ بڵاوەپێکردووە، بۆ سەرکووتکردن و بێدەنگکردنی خەڵکی ناوچەکەیە.
زیلان جوانڕۆ، هاوڵاتییەکە و بەشداری ڕێپێوانەکەی کرد، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستانە، "پێویستە هەمووان بڕژێنە شەقام و دژی داگیرکارییەکان ناڕەزایەتی دەرببڕن، ژنان دەبێت یەکڕیز و دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە بووەستنەوە".