سروە عەبدولواحید: ئەم دیمەنە بەسە بۆ دادگاییکردنی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم

سروە عەبدولواحید، ئەندامی پەرلەمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ڕووداوی بۆردومانی زاخۆ ئاماژەی بەوەدا ئەم دیمەنە بەسە بۆ دادگاییکردنی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی دواین زانیارییەکان، بەهۆی بۆردومانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە، ژمارەی کوژراو و بریندارانی بۆردومانی ناوچەی گەشتیاری پەرەخی سەر بە ئیدارەی زاخۆ، گەشتووەتە ٩ کوژراو و ٢٦ بریندار کە منداڵ و ژنیان تێدایە و هەندێکیان برینەکانیان سەختە.

 

سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا، دیمەنی بۆردومانەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی: ئەم دیمەنانە بەسە بۆ دادگاییکردنی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم بەهۆی بێدەنگییان بەرامبەر بە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکەدا، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیاوە.

 

بۆردومانی ناوچەی گەشتیاری پەرەخ لە شارەدێی بەرکاری سەر بە ئیدارەی زاخۆ ناڕەزایەتی توێژە جیاوازەکانی لێکەوتووەتەوە و چوارچێوەی هەماهەنگی لە عێراق داوای دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەکات، بانگەوازی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیش لە شارەکانی عێراق دەکرێت دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا.