کەلار، ژمارەیەک منداڵ تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون

نەخۆشخانەی گشتی كەلار بڵاویكردووەتەوە، نەخۆشخانەكەیان پڕ بووە لە منداڵی  نەخۆش و ٣٤ منداڵ توشی هەوكردنی پەردەی مێشك بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان لە سلێمانی و هەڵەبجە بڵاوبووەتەوەو وەزارەتی تەندروستی عێراق لیژنەیەکەی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە ناردوەتە سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشیە، لە گەرمیانیش ژمارەیەک منداڵ تووشبوون و هۆشداری بە دایکان و باوکان دەدرێت کە ئاگاداری مناڵەکانیان بن.


نەخۆشخانەی قەڵا لە كەلار لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، نەخۆشخانەكە پڕ بووە لە نەخۆش و لە ئێستادا ٧٤ مناڵ داخڵ كراون و دوای پشكنینی تەواو دەركەوتووە ٣٤ منداڵیان توشبووی هەوكردنی پەردەی مێشكن.


نەخۆشخانەکە داوا لە هاوڵاتیان دەكات چاودێری مناڵەكەكانیان بكەن، لەكاتی هەستكردن بە نەخۆشی یاخود هەر نیشانەیەكی سەرئێشە و ڕشانەوە و سكچوون، ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان بكەن.


ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا بەهۆی زۆری منداڵی توشبوو پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا لەوپەڕی ماندوبووندان، سوپاسی یەك بەیەكیان دەكەن و دەستی ماندووبونیان دەگوشن سوپاسی خێرخوازانیش دەكەن کە بەبەردەوام نەیانهێشتووە تاو ئێستا كەموكورتییان هەبێت لە دەرمان.