درێژەی ناڕەزایەتیەکانی شەوانە؛ ئاگری شۆڕش لە کرماشان

لە مانگی حەوتەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، ئازادیخوازانی شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران تا گەیشتن بە ئازادی، مەشخەڵی خەباتیان بە داگیرساوی هێشتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا مانگی حەوتەمی شۆڕشی ژینا ڕۆژانی کۆتایی تێدەپەڕێت، هێشتا بڵێسەی ئەم شۆڕشە داگیرساوە و بانگەوازی ئازادی لە شەقامەکانی کوردستان و ئێراندا دەنگ دەداتەوە.

 

سەرەڕای هەڕەشە و گرتن و کوشتن لەلایەن حکومەت و گوشارەکانی ئیتلاعات و سوپای پاسداران بۆ سەر ئازادیخوازان بۆ پێشگرتن لە شۆڕش، شەوی ڕابردوو لە کرماشان و شاباد "ئیسلام ئاباد ڕۆژئاوا"، ئازادیخوازان بە ئاگربەردان لە ناوەندەکانی حکومەت، ڕایانگەیاند کە شۆڕش بۆ گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبێت.

 

 

هەروەها لە زاهیدان، تاران، ئەسفەهان، بۆروجێرد، ئایزە و چەند شاری دیکە، خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم و نووسین لەسەر دیوار و دابەشکردنی دروشم و پۆستەر و خوازیاری بەشداریکردن بوون لە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان، جەختیان لە سەر ڕژێمی ئێران کردەوە.