عێراق بەدەست کەمی دەرمانەوە دەناڵێنێت
لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ژمارەی ئەو دەرمانانەی لە عێراق بەرهەمهێنراون زیادیکردووە و گەیشتووەتە ١٨٤ بەرهەمی دەرمانسازی.
ناوەندی هەواڵ
وەزیری تەندروستی عێراق ڕۆژی چوارشەممە پڕۆژەیەکی درێژخایەنی بۆ خۆجێیکردنی پیشەسازی دەرمان لە عێراق ڕاگەیاند.
ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ژمارەی ئەو دەرمانانەی لە عێراق بەرهەمهێنراون زیادیکردووە و گەیشتووەتە ١٨٤ بەرهەمی دەرمانسازی، ئەوەشی ئاشکراکردووە، گرێبەستی هاوردەکردنی دەرمانی دیکە بە بەهای ٨٠٠ ملیار دینار "نزیکەی 548 ملیۆن دۆلار" واژۆکراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی عێراقی INA، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند کە کەمیی دەرمان دووڕیانێکە کە کەرتی تەندروستی ماوەی ٣٠ ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
گرێبەستە واژۆکراوەکان بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی چاوەڕێی پەسەندکردنی بودجەیە، وەزیری تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت کاردەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کڕینی ڕاستەوخۆ لە کارگە نیشتمانییەکانەوە کەمی دەرمان دروست پڕبکاتەوە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە وردتر باسی لەوە کردووە کە گرنگترین ئامرازی دابینکردنی دەرمان لە جیهاندا پیشەسازی نیشتمانییە، ژمارەی ئەو دەرمانانەی لە عێراق بەرهەم دەهێنرێن بۆ ١٨٤ دەرمان بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی دوو مانگ لەمەوبەر تەنها ١٣٢ بەرهەم بووە.
پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا لەسەدا ٥٠ پێداویستی دەرمانسازی لە عێراق بەرهەمبهێنرێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ وەرگرتنی دەرمان بەشێوەیەکی کارا و ئاسانتر و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بۆ دەرمانە پزیشکییەکان.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی درێژخایەندا، لۆکاڵیکردنی پیشەسازی دەرمانە لە عێراق.