هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی عێراق بۆ ناوچەکانی خۆیان دەدرێت

سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاندووە کە کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکەن ئەمەش لە کاتێکدایە کە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو وەزارەتی کۆچبەری عێراق ڕایگەیاند کە نزیکەی ٤٠ هەزار خێزانی ئاوارە لە ٢٩ کەمپی ئاوارەکاندا نیشتەجێن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاندووە کە دەبێت کۆتایی بە ئازارە مرۆییەکانی ئاوارەکان بێت و بڕیارە بەغدا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاربکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق بۆ ناوچەکانی خۆیان.

 

لە کاتێکدا زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق و خراپی ڕەوشی ژیانیان بووەتە جێی سەرنجی ڕای گشتی جیهانی، لەگەڵ کەمی هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردنی دۆخی ئاوارەکان، لە ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی ئاوارەکانی عێراق گەیشتە لوتکە و بوو بە ٤.٤ ملیۆن کەس، تا ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون.

 

لێدوانەکەی سەرۆککۆماری عێراق لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە بەغدا ئەحمەد زویتن بووە، کە ئامانجی دیدارەکەیان باسکردن بووە لە ڕێگاکانی بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی لە عێراق کرد کە بەهۆی چەندین ساڵ شەڕ و ململانێکانی وڵاتەوە کاریگەری زۆری لەسەر کەرتی تەندروستی داناوە، ئەمە جگە لە قەیرانی ئاوارەکان کە لەڕەوشێکی ناجێگیردان بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی عێراقەوە.

 

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە پاڵپشتی هەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

 

 مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو وەزارەتی کۆچبەری عێراق ڕایگەیاند کە نزیکەی ٤٠ هەزار خێزانی ئاوارە لە ٢٩ کەمپی ئاوارەکاندا هەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆی گشتیی ئاوارەکان بە یەک ملیۆن کەس زیاتر مەزەندە دەکرێت، زویتن ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی بەرنامەی حکومەت ئەوەیە کە لە ماوەی شەش مانگدا کۆتایی بە پرسی ئاوارەبوون بهێنرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ئاوارەکان ڕۆژانە دەگەڕێنەوە.