غوربەت ئیشلەک: عێراق لەسەر داوای ئەردۆغان هەوڵی گرتنی کامپەکە دەدات

غوربەت ئشلەک، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی مەخمور، باسی لە هێرش و فشاری سوپای عێراق کرد کە دەیەوێت کامپی مەخمور بە تەل و قولە گەمارۆ بدات و داوای خاوەنداریکردنی مەخموری کرد.

بەرژین کارا

 

مەخمور- لە ٢٠ی ئایارەوە سوپای عێراق هێزێکی گەورەی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و پۆلیس و سەرباز و ئامێرەکانی کارکردنی بۆ گەمارۆدانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" ڕەوانەکردووە تا بە تەل و قولە کامپەکە گەمارۆ بدات، خەڵکی کامپی مەخمور بۆ ماوەی ١١ ڕۆژە لە بەرامبەر ئەو هەوڵانە بە شەو و ڕۆژ بەبێ ماندووبوون و بێ وەستان لە بەرخۆداندان.

 

غوربەت ئشلەک، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عشتاری مەخمور، لەبارەی گەمارۆدانی کامپەکە لە لایەن سوپای عێراق و بەرخۆدانی گەلی مەخمور لە دژی ئەم هەڵوێستەی سوپای عێراق قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

لە سەرەتای قسەکانیدا غوربەت ئشلەک باسی بەرخۆدانی خەڵکی مەخموری کرد و وتی: چالاکی کاروانەکەمان و بەرخۆدانمان بەرامبەر هێرشەکانی حکومەتی عێراق لە ١١ەمین ڕۆژیدایە، لەوانەیە پێشتر چەندین جار ئەو هەوڵانە درابن، ئێمە وەک گەلی کامپەکە دەمانەوێت ئەم کێشانە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەین و ئەو کردارانەی لە ٢٠ی ئایارەوە دەیانەوێت بەسەر کامپەکەدا بیسەپێنن لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەین، ئەوان دەیانویست کامپەکە دابخەن بە سوپایەکی گەورەوە بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیانەوە، لەگەڵ گەیشتنی سوپای عێراق، خەڵکی کەمپەکە لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵی کاردانەوەیان نیشانداو ڕێگرییان لێکردن.

 

سەرەڕای ڕێگرییەکان ٤ ساڵە بەرخۆدان بەردەوامە

غوربەت ئشلەک ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان چەندین ساڵە لە خاکی عێراق دەژین، بەڵام هیچ کێشەیەکیان نەبووە و وتی: وەک خەڵکی کامپەکە، بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە مەخمور دەژین لەسەر خاکی عێراق، لە ماوەی ٣٠ ساڵی پەنابەریماندا، تا ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ عێراقدا نەبووە، سەرەڕای ئەوەی خەڵکی کامپەکە بۆ بژێوی کار دەکەن و دەچنە دەرەوە،  هەروەها ناوچەی مەخمورمان لە تەنیشتمانە، ڕۆژانە هاتوچۆ هەیە، تا ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ عێراقدا نەبووه، سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵە بەسەر کامپەکەدا سەپاندوویەتی، بەڵام نەیتوانیوە بەرخۆدانی کامپەکە لاببات، ئێمە دەزانین کە ئەوان بە قسەی ئەردۆغان دەکەن، لەبەر ئەوەی نەیانتوانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بن، ئێستا دەیانەوێت ئەمە بەسەر خەڵکی کامپەکەدا بسەپێنن لەلایەن بەغداوە.

 

"هێرشەکان بە ئامانجی بە دیلگرتنن"

غوربەت ئشلەک وتیشی: ئەم هێرشانە بەم شێوەیە بۆ بەدیلگرتن هەر چوارلای کامپەکە بە قولەکان دەگرن، بە هەڵکەندنی خەندەق ڕێگری هاتوچۆ بۆناو کامپەکە بکەن و یەک دەرگا بمێنێت و لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت، وەک ئەوەی کەسێک بەدیلبگیرێت، کاتی ڕۆیشتن و هاتن و چوونە ناو کەمپەکە دیاری دەکرێت، دەیەوێت ئەمە بەسەر کامپەکەدا بسەپێنێت، ئەوان دەیانەوێت بچنە ناو کامپەکە، هەموو جارێک هەوڵ دەدەن تەلبەندی بکەن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، خەڵکەکە کاردانەوەی خۆیان دەربڕیوە و ڕێگەیان نەداوە بچنە ناو کامپەکەوە و ناوچەکانی دەوروبەری کەمپەکە دابخەن، وەک ژنێک لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی و وەک خەڵکی کامپەکە هەموو تەمەنەکان کە ١١ ڕۆژە لەسەر پێی خۆیانن و بە هەموو دڵ و گیانەوە بەرخۆدان دەکەن.

 

بانگی خاوەنداری کردن لە مەخمور

لە کۆتایی قسەکانیدا، غوربەت ئشلەک داوای لە هەموو گەلی کورد کرد کە خاوەنداری لە خەڵکی کامپی مەخمور بکەن و وتی: ئێمە لێرە بەرخۆدانمان ئەنجامداوە و ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموو کوردێکە، لە هەر شوێنێک کە دەکرێت،  بۆ خەڵکی کامپەکە، ئەوەی لەسەر شانیان هەیە دەبێت دەستبەجێ ئەنجام بدرێت، ئێمە نامانەوێت هیچ ناکۆکییەک لە نێوان عێراق و کامپەکەدا هەبێت، داوا لە هەموو کوردێک دەکەین خاوەنداری لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی بکەن.