ڕژاک بە بۆنەی ٨ی ئادار لە سلێمانی ٥٠ دارسنەوبەریان چاند
ئەمڕۆ دووەمین ڕیزە چالاکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە بۆنەی ٨ی ئادار بەڕێوەچوو کە چاندنی ٥٠ دار سنەوبەر بوو، بەو ئامانجەی سنەوبەر ڕەگێکی بەهێزی هەیە و هیچ دوژمنێک ناتوانێت لەناوی ببات هەروەها ژن و سروشت تەواوکەری یەکن و ژنە کە کشتوکاڵی دۆزیوەتەوە و گرنگی بە ژینگە و سروشت داوە. سلێمانی
ئەمڕۆ دووەمین ڕیزە چالاکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە بۆنەی ٨ی ئادار بەڕێوەچوو کە چاندنی ٥٠ دار سنەوبەر بوو، بەو ئامانجەی سنەوبەر ڕەگێکی بەهێزی هەیە و هیچ دوژمنێک ناتوانێت لەناوی ببات هەروەها ژن و سروشت تەواوکەری یەکن و ژنە کە کشتوکاڵی دۆزیوەتەوە و گرنگی بە ژینگە و سروشت داوە.
سلێمانی
لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی ٨ی ئاداردا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" ئەمڕۆ لە پارکی هەواری شار، دووەمین چالاکی خۆیان ئەنجامدا.
چالاکییەکە بریتیبوو لە چاندنی ٥٠ دار سنەوبەر لەلایەن ژنانەوە، بە بەشداری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار".
بانو دڵشاد، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان تایبەت بە چالاکییەکە پەیامی خۆی ئاڕاستەی ژنان و کۆمەڵگا کرد و وتی: "لە مانگی ئاداردا ڕۆژی ٨ی ئادارمان هەیە کە ڕۆژێکی پیرۆزە، پیرۆزبایی لە گشت ژنان دەکەین بەتایبەت ژنانی ئازادی کوردستان و ژنانی تێکۆشەر".
ئاماژەی بەوەشدا هەموو ساڵێک ڕێکخراوەکەیان ژمارەیەک چالاکی بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەدەن، ئەمە دووەم چالاکیانە کە هەستاون بە چاندنی سنەوبەر، دەربارەی هەڵبژاردنی جۆری دارەکە کە سنەوبەرە بانوو دڵشاد وتی: "کوردستان ڕۆژانە لە لایەن دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانەوە بۆردوومان دەکرێت و دارەکانی دەدزرێت وەک لەوەی کە لە عەفرین ڕوویدا و تورکیا دارستانەکانی بۆردوومان دەکرد وەک بەرپەرچدانەوەیەکی دەوڵەتە فاشستەکان سنەوبەرمان هەڵبژارد کە ڕەگێکی باشی هەیە و بە هیچ هێز و کزەبایەکە لەناو ناچێت و داناچەمێتەوە".
"ژن واتە سروشت"
هەروەها بەیان فەرەج، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان تایبەت بە ٨ی ئادار وچالاکییەکە و پەیوەندی نێوان سروشت و ژن وتی: "ژن و ژینگە پەیوەستن پێکەوە و ئەگەر ژینگە نەبێت ژیان نابێت، هەر ژن بووە لە مێژوودا کشتوکاڵی کردووە و وەبەرهێنانی کردووە، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا ژینگە پیس بووە پێویستە زیاتر گرنگی بە ژینگە بدرێت و هەوڵی پاککردنەوەی بدرێت بۆیە بە باشمان زانی لەم ڕۆژەدا هەستین بە چاندنی دار و پاکردنەوەی ژینگە".