ڕژاک: مردن و گیان لەدەستدانی هەرژنێک کوژانەوەی چرایەکە

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک سەرەخۆشی لە کەسوکاری چوار خوێندکارەکەی شاری کەلار دەکات، کە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستدا و ڕایانگەیاند، "گیان لەدەستدانی ژنان زیاتر کەلێن دروست دەکەن"

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای کەلار-کفری چوار خوێندکار بە ناوەکانی ئارەزوو سەردار، شەم سامان، دانیا ئەحمەد لەتیف، کەوسەر ئەحمەد لەتیف گیانیان لەدەستدا و ٧ خوێندکاری دیکە بریندار بوون و لە ژێر چاودێریدان، لەو بارەیەوە ڕژاک پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە و شەرەخۆشی لە کەسوکاریان کرد، هۆکاری ڕووداوەکەشی بۆ خراپی ڕێگاوبان و کەمتەرخەمی و نائاگایی شۆفێرە پیاوەکان لە قەڵەمدا،

 

ڕژاک ئاماژەی بەوەداوە، لە هەر جۆرە مردنێکی ژندا دەستی پیاو هەیە، ئیتر ئەو مردنە بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، "دەزانین کە کەس پێی خۆش نەبووە ڕووداوێکی ئاوا دڵتەزێن ڕووبدات و مەرگی چوار کچی گەنجی لێبکەوێتەوە، بەڵام دەبوو زیاتر بەئاگایی و بەرپرسیارانەتر ئەو خوێندکارانە بپارێزرێن"

 

لە درێژەی پرسەنامەکەی ڕژاکدا هاتووە ، "ئەو ڕووداوە بە هۆی خراپی ڕێگاوبانەوە بێت یان کەمتەرخەمیەوە، هەر ڕووداوێکی دڵتەزێنە و دڵی هەموومانی ئازاردا، چونکە چوار خوێندکاری کچ  بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە گرنگ بوون، ڕاستە هەر لە دەستدانی مرۆڤێک بە هەر هۆکارێک بێت ئازار بەخشە، بەڵام گیان لەدەستدانی ژنان زیاتر کەلێن دروست دەکەن، هەر ژنێک ڕۆڵی گرنگی هەیە لەناو کۆمەڵگە و دامودەزگا و ناو خێزاندا و زیاتر دەتوانن کارەکان بە ڕێکخراوانەتر بەڕێوەبەرن، ژن ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردندا، لەبەرئەوە گیان لەدەستدانی چوار کچی گەنج خەسارەیەکی گەورەبوو".

 

لە کۆتایدا ڕژاک ئاماژەی بەوەداوە، "وەکو ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بە ناوی ئەنجومەن و تەواوی ئەندامان و دۆستانمانەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی ئەو چوار خوێندکارە کچە دەکەین و هیواخوازین گیانیان بە بەهەشتی بەرین شاد بێت و کۆتا ناخۆشی بنەماڵەکانیان بێت و هاوخەمی خۆمان دەرەبڕین و هیواخوازین گیانیان ئاسوودە بێت. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، هیوادارین بەزووترین کات بگەڕێنەوە ناو خێزان و خوێندنگەکانیان و تەندروست بن و ڕێگای خوێندیان بەردەوام بکەن، کە ڕێگا و هیوای هاوڕێ کۆچکردووەکانیانە.