لە مەراسیمێکدا ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد کرایەوە

لە مەراسیمێکی جەماوەرییدا ناوەندی ”ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد” لە سلێمانی بەڕووی ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستاندا کرایەوە.

سلێمانی

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی سەدان کەسایەتی و چالاکوان و توێژی جیاجیا، مەراسیمی کردنەوەی ”ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد” لەلایەن دامەزرێنەرانی ناوەندەکەوە بەڕێوەچوو، لە مەراسیمەکەدا شاندێکی ژنانی بیانیش لە وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی کەتەلۆنیاوە بەشداری مەراسیمەکە بوون.

 

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا، وتاری دامەزرێنەرانی ناوەندەکە لەلایەن گوڵان بەختیار، ئەندامی ناوەندەکەوە خوێنرایەوە، تێیدا دەستکەوتەکانی ئەو ناوەندە بۆ ژنی کورد خرایەڕوو، هەروەها یادی شەهید ناگیهان ئارکارسەل، ئەندامی ئەکادیمایای ژنۆلۆژی کرایەوە، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ناوەندەکە و ساڵی پار لەلایەن میتی تورکەوە لە شاری سلێمانی تیرۆرکرا.

 

لە درێژەی مەراسیمەکەدا کورتە ڤیدیۆیەک لەبارەی کارەکانی ناوەندەکە و پاڵنەر و ئامانجەکان لە دروستکردنی نیشانی ئامادەبووان درا، دواتر لەلایەن گروپی تەوارەوە گۆرانییەک و چەند پارچە میوزیکێک پێشکەشکرا.

 

لە چوارچێوەی مەراسیمی کردنەوەی ناوەندەکە، هونەرمەند ژینا سەقزیی چەند گۆرانییەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، هەروەها ژنانی کورد و جیهان لەڕێی ڤیدۆیی تۆمار کراوەوە پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی دامەزرێنەرانی ناوەندەکە و ژنانی کورد کرد.

 

ناوەندی” ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد” پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستانە بۆ ئەرشیفکردن و پاراستنی نوسین و بەرهەمەکانی نوسەرە ژنەکانی کورد، لەگەڵ بە بەڵگەکردن و نوسینەوەی مێژووە زارەکییەکان و لێکۆڵینەوە لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.

 

بیرۆکەی بوونیادنانی ئەم ناوەندە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠، شەهید ناگیهان ئارکارسەل، یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری ناوەندەکە،بڕیارە سبەینێ، یەک شەممە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ بە ڕووی ژنانی هەر چواربەشی کوردستاندا کراوە دەبێت.