زبێدە عەوڵامەین؛ ژنە پێشەنگەکەی کۆیە کۆچی دوایی کرد
زبێدە عەولائەمین، یەکێک لە ژنە پێشەنگەکانی سنووری دەشتی کۆیە و کوردستان کۆچی دوایی کرد، کە پێشەنگ بوو لە بواری دایکایەتی و پێشمەرگایەتی، کوردایەتی و خزمەت و دەستڕەنگینی. دایکێکی سەنگین و دڵسۆز بۆ هەمووان.
شیا کۆیی
کۆیە-زبێدە عەولائەمین، یەکێک لە ژنە پێشەنگەکانی سنووری دەشتی کۆیە و کوردستان دوێنی ٢٥ی ئادار کۆچی دوایی کرد، دایکە زبێدە بۆ هەتا هەتایە لە نێو خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد وەک ژنێکی هەڵکەوتوو لە بەرزی دەمێنێتەوە.
ڕێکخراوی چەتر بۆگەشەپێدان ساڵی ٢٠١٩ لە مەڕاسیمێک بە هاوبەشی زانکۆی کۆیە وەک یەکێک لە ژنە پێشەنگەکانی کۆیە قەڵغانی ڕێزلێنانی پێبەخشی.
زبێدەی شێخەوڵای سەیدەمین ناسراو بە "دایکی پێشمەرگە" کەسایەتی گوند "پورە زبێدی قازبەگیان" لە ساڵی ١٩٤٤ لە گوندی قازبەگیان لە دایک بوو، لە بنەڕەتدا سەیدی بەرزنجەیە و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و شۆڕشگێر بووە.
لە دیوەخان دانیشتووەو خاوەن قسە بووە
ساڵی ١٩٥٨ ژیانی هاوژینی لەگەڵ خوالێخۆشبوو "سەید عەلی" پێکهێناوە، ماڵیان لە گوندی قازبەگیان ماڵی پێشمەرگە و هەژار و لێقەوماوان و و ڕێبواران و بێ ماڵ و بێ لانەکان بووە، زبیدە ژنێکی شۆڕشگێرو قارەمان و ئازاو کوردپەروەر و چاونەترس بووە، هەمیشە سەرەڕای کارەکانی ماڵی خۆی لە دیوەخان دانیشتووەو قسەی خۆی هەبووە، چەندان جار پێشمەرگەی برینداری تیمار کردووەو هاوکاری پێشکەش کردوون تاوەکو چاک بوونەتەوە، هەمیشە هانی پێشمەرگەی دەدا ساردنەبنەوە لە شۆڕش و کوردایەتی و پێی دەوتن کە دڵنیابن ڕۆژێک دادێت شۆڕشی کورد سەردەکەوێت و رزگار دەبن لە دەستی ڕژێمی بەعس.
ماڵیان سووتێندراوەو دەربەدەربوون
لەسەر شۆڕش و کوردایەتی چەندان جار ماڵیان سووتاوە و دەربەدەر بوون و هیچیان بۆ دەرنەچووە، نزیکترینیان لە کارەساتی ئەنفالی ١٩٨٨ بوو کە گوندەکەیان ڕووخا و ماڵەکەیان تاڵانکرا، لەبەر ئەوەی کە هاوژین و منداڵەکانی لەلایەن حکومەتی بەعس قەدەغەکرابوون، هەر خۆی هاتووچۆی ناو شاری کۆیەی دەکرد بۆ کڕینی پێداویستی ماڵ، نامەی پێشمەرگەی دەبرد بۆ ڕێکخستنە نهێنیەکانی ناو شارو نامەی ئەوانی دەهێنایەوە بۆ پێشمەرگە، چەندان جار دایک و خێزان و خوشک و منداڵی پێشمەرگەی دەهێنا بۆ ماڵەکەی خۆیان و خزمەتی دەکردن و دواتر دەیگەڕاندنەوە بۆ شار، لەم ڕێگایەشدا توشی سەدان دەردەسەری و ئاستەنگی بووە، ئەوکات هاتوچۆكردن لە گوندەوە بۆ شار بە تراکتۆر بوو، زۆر ئەستەم بوو. چەندان جار دەکەوتنە بۆسەی جەیش و جاش و تەقەیان لێدەکرا، بۆیە زۆربەی بەرپرس و پێشمەرگەکانی ئەوکات و ئێستاش ناسناوی "دایكی پێشمەرگە"یان لێناوە.
کاری کشتوکاڵ و مەڕوماڵاتی کردووە
زبێدە عەوڵائەمین، ژنێکی زۆر دەستڕەنگین و خانەدان بووە، لە زۆربەی پیشەکانی دەست وەک ڕەشمال درووستکردن، دروستكردنی مافور، بەڕە، چیغ، گوریس، حەسیر، خۆشکردنی کوندە و مەشکە ژاندن، ساوار کوڵاندن، دروستکردنی پەنیر و کەرەو کەشک و داندۆک و قەیماغ، دروستکردنی سەبەتە و خوێدان، بێری کردن ومەڕ دۆشین، دروێنە و تێلەکیشی و کاری کشتوکاڵی و مەڕوماڵات و كاری گەڵاڕنینی توتن و داو لێدان و چوارداغ دروستکردن شارەزا بووەو دەورێکی باڵای هەبووەو هاوكارێكی باشی بنەماڵەو دراوسێ و گوندەکەیان بووە، ئەمەش وایكردووە كە وەك یەكێك لە ژنە پێشەنگەكانی كۆیەو دەشتی كۆیە بناسرێت.