خۆپیشاندەرانی سوەیدا سوورن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوەیەکگرتووەکان
گەلی سوەیدا هێشتا بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان و داوای گۆڕانکاری سیاسی و دادپەروەری و یەکسانی و جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ دەکەن.

ڕوشیل جونیور
سوەیدا- بەشداربووانی بزووتنەوەی جەماوەریی لە شاری سوەیدای سووریا جەختیان لەوە کردەوە کە خۆپیشاندانەکانیان ئاشتیانەیە و دەستبەرداری داواکاری و مافەکانیان نابن.
خۆپیشاندەران ڕۆژی دووشەممە ١٦ی تشرینی یەکەم ڕۆیشتن بۆ گۆڕەپانی کەرامە بۆ بەردەوامبوون لە بزووتنەوەکەیان، کە دووەم مانگی لەسەر یەک بوو بۆ پاراستنی ئاشتی و داواکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ماجیدە ئەلزەرعونی لە گوندی نەجران و بەشداربووی خۆپیشاندانەکە وتی: دەمانەوێت بە بێدەنگی و سەلامەتی بژین، سادەترین داواکاریمان دابینکردنی بژێوییە، نان، گاز، کارەبا و ئاومان نییە، ئایا هیچ شتێک لەوە خراپتر نییە؟ حکومەت هەموو سەرچاوەکانی وڵاتەکەی تاڵان کرد، بۆیە بڕیارماندا داوای ڕووخانی ڕژێم بکەین.
ماجیدە داوای ئازادی بۆ هەموو ئەو کەسانە و ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانەی کرد کە هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییەو وتی: دەمانەوێت لە سووریا بە سەلامەتی بژین، ئەم حکومەتە قبوڵ ناکەین کە خەڵکەکەی برسی دەکات.
جەختی لەوە کردەوە داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، پێویستە زۆرێک لەو ژنانەی کە خزم و ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەستداوە، لەوانە ئەوانەی بەزۆر ئاوارە بوون، هەموو ژنانی سووریا کە بەهادارترین سامانیان لەدەستداوە، بەشداری خۆپیشاندان بن و بێدەنگ نەبن.