ڕۆژنامەنووسێک: مەسرور بارزانی وەک ئەوەی هیچ مەترسییەک نەبێت بەردەوامە لە سەردانەکانی

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس لە بارەی چالاکییەکانی کوردانی بەریتانیا دژی مەسرور بارزانی دەڵێت: مەسرور بارزانی دوو ڕۆژ پێش هێرشی داگیرکەری نیشتمانەکەی، لە وڵاتی داگیرکەر كۆبوونەوەی لەگەڵ داگیركەر كرد و ئێستاش بەردەوامە لە گەشت و سەردانەکانی.

ناوەندی هەواڵ

 

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ وڵاتی بەریتانیا و هاوکات چالاکییە ناڕەزایەتییەکەی کوردان لە لەندەن دەڵێت: كوردانی دانیشتووی بەریتانیا لە لەندەن خۆپیشاندانیان لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران ئەنجامدا، ئەو ئۆتۆمبێلەیان هێلكەباران كرد كە ناوبراوی دەگواستەوە، خۆپیشاندەران  پێڵاوەكانیان بەڕووی مەسرور بارزانی بەرزكردەوە و دروشمی "خائین، تیرۆریست"یان دەوتەوە وەك ئاماژە بۆ رێككەوتنەكانی لەگەڵ توركیا و تۆمەتباربوونی ناوبراو بە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەهەرێمی كوردستان.

 

هەروەها دەشڵێت: ئەگەر ئەم خۆپیشاندەرە كوردانەی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان هەمان خۆپیشاندانیان لە دهۆك یان هەولێر رێكبخستایە، ئێستا سەرجەمیان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و دەزگای ئاسایش و پارتی دیموكراتەوە زیندانی دەكران بە تۆمەتی خیانەتی نیشتیمانی و جاسوسی بۆ وڵاتان و هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانەی كونسوڵخانەكان.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو، دەڵێت: گەشتەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ پرۆژە هاوبەشەكەی نێوان خۆی و ئەردۆغان و بە مەبەستی فرۆشتنی گازی هەرێم لەكاتێكدایە، توركیا چەند رۆژێكە بەچڕی هێرشی سەربازی زەمینی و ئاسمانی كردووەتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان و خاكی هەرێم داگیردەكات، بەڵام مەسرور بارزانی دوو رۆژ پێش هێرشی وڵاتی داگیركەری نیشتیمانەكەی، لە وڵاتی داگیركەر كۆبوونەوەی لەگەڵ داگیركەر كرد، ئێستاش وەك ئەوەی هیچ مەترسییەك لەسەر هەرێم نەبێت بەردەوامە لە گەشت و هەوڵدان بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تێوەبگلێنێت لە شەڕێكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی كە هەرێمی كوردستان هەرگیز لە توانایدانییە رووبەڕووی ببێتەوە.