ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئەو بنکە تەندروستییەی کە ڤاکسینی ئیفلیجی منداڵانی تێدا بەڕێوەدەچوو
ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەلەستینی وادا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی تەندروستی لە شاری غەززە کە دەرزی ئیفلیجی منداڵانی تێدا بەڕێوەدەچوو، سێ منداڵیش لە هێرشەکەدا برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
لە کەرتی غەززە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامەو بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی فەرمی فەلەستینی وافا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٣ی تشرینی دووەم، لە کاتی خولی دووەمی هەڵمەتی کوتانی ئیفلیجی منداڵان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکە تەندروستییەکەو بە پێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، سێ منداڵی فەلەستینی بریندار بوون.
ڕێکخراوەکە لە هەواڵەکانیدا کە پشت بە کارمەندانی تەندروستی ناوخۆیی دەبەستێت، ڕایگەیاندووە کە منداڵەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی، لە بنکەی تەندروستیدا، منداڵانی خوار تەمەنی ١٠ ساڵ کوتانیان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بە هاوکاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی , "WHO" ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNRWA"، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف"، قۆناغی دووەمی هەڵمەتی کوتانی ئیفلیجی منداڵان بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٠ ئەنجام دەدات، بەیانی ئەمڕۆ لە شاری غەززە دەستی پێکرد.
ژمارەی کوژراوان ٤٣ هەزار و ٣٠٠ کەسی تێپەڕاندووە
لە بەیاننامەکەیدا وەزارەتی تەندروستی لە غەززە زانیاری لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل داوە کە ماوەی ٣٩٣ ڕۆژە لە غەززە بەردەوامە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٩٢ کەسیش برینداربوون، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، ٤٣ هەزار و ٣١٤ کەس بووە، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١٠٢ هەزار و ١٩ کەس.