ئیسرائیل هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە غەززە

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەیەوێت نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە باکووری غەززە چۆڵ بکات و لە هەمان کاتدا دەستیکردووە بە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر کەرتی غەززە، لە هێرشەکاندا خوێندنگە و کامپەکان دەکرێنە ئامانج کە خەڵک تێیدا نیشتەجێ دەبن، هەروەها هێرش دەکرێتە سەر نەخۆشخانەکان، لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانەوە خزمەتگوزاری تەندروستی بە کەمترین شێوە پێشکەش دەکرێت.

 

"ئەو دەیەوێت چۆڵ بکرێت و هێرش دەکات"

عەبدوڵڵا ئەلبەرش، بەڕێوەبەری وەزارەتی تەندروستی غەززە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئیسرائیل داوای لە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە باکوری غەززە کردووە دەستبەجێ نەخۆشخانەکە چۆڵبکەن.

 

سەرۆکی نەخۆشخانەکە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، نەخۆشخانەکە لە دۆخێکی کارەساتباردایە، لەڕاستیدا هێرشێک دەکرێت کە تا ئێستا نەبیندراوە، سوپای ئیسرائیل داوای لێکردین دەستبەجێ نەخۆشخانەکە چۆڵ بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا بە بۆمب هێرش دەکات.

 

"بە فیشەکی تانک و قەناس بەدەستەکان هێرش دەکرێتە سەر نەخۆشخانەکە"

عەبدوڵڵا ئەلبەرش ڕایگەیاند کە نەخۆشخانەکە لەلایەن قەناس بەدەستەکان و تانکەکانەوە هێرشی دەکرێتە سەرو بەهۆی هێرشەکانەوە ژیانی نەخۆش و تیمە تەندروستییەکان لە مەترسیدایە، هەروەها داوای دەستوەردانی خێرای کرد بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.