ئیسرائیل چەند چالاکوانێکى کەشتی خۆڕاگرى غەززەى دەستگیر کرد

هێزەکانی دەریایی ئیسرائیل ٢٥ چالاکوانیان لە کەشتی ناو خۆڕاگرى غەززە دەستگیرکرد، هەروەها هێرشی کردووەتە سەر ١٥ کەشتیی لەوانە کەشتییەکانی سیریوس، ئەلما، سپێکتر، هیو ئای، دێر یاسین یەکەم و گراندە بلو.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستەی کەشتیوانی "کەشتی خۆڕاگرى جیهانی" سەبارەت بە دەستگیرکردنى چەند چالاکوانێک لە کاتى چوونیان بۆ غەززە لەلایەن سوپاى ئیسرائیلەوە، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: هێزەکانی دەریایی ئیسرائیل ٢٥ چالاکوانیان لە کەشتی ناو خۆڕاگرى دەستگیرکردووە، ئەمەش دەستگیرکردنێکى نایاساییە، کەشتی خۆڕاگرى ئاشتیانە و مەدەنی هاوکاری مرۆیی دەگوازێتەوە بۆ غەززە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزی دەریایی ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ١٥ کەشتیی لەوانە کەشتییەکانی سیریوس، ئەلما، سپێکتر، هیو ئای، دێر یاسین یەکەم و گراندە بلو.

 

هاوکات، دواى ئەوەى چەند وڵاتێکى ئەوروپی بە فەرمى دانیان بە دەوڵەتى فەڵەستیندا نا، چالاکوانانى ئەوروپا زیاتر سوور بوون لە سەر ئەوەى دەبێت هاوکاری بگەیەننە هاوڵاتیانى غەزە، بۆیە بڕیاریاندا بە کەشتى بەرەو غەززە بەڕێبکەون، بەڵام هێزى دەریای ئیسرائیل ڕێگە بەدەربازبوونیان نادات.

 

 جێگەى ئاماژەیە، لە چەند مانگى ڕابردوودا کۆمەڵێک چالاکوانی دیکە ویستیان لە ڕێگەى کەشتیەوە هاوکارى بگەیەننە غەززە، بەڵام لەلایەن هێزى دەریای ئیسرائیلەوە دەستگیرکران و ڕەوانەى وڵاتەکەی خۆیان کرانەوە.