ئیلهام ئەحمەد: لە باشوور و باکووری کوردستان بەرخۆدان و داواکردنی مافی ژنان بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کرد
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوورو ڕۆژئاوای سووریا کە بەشداری دووەم کۆبوونەوەی "پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد" لە سلێمانی بووە وتی: بەرخۆدانی ڕۆژئاوا تەواوی پاڕچەکانی دیکەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی- دوای بەڕێوەچوونی دوو کۆنگرەی نەتەوەیی ژنانی کورد لە شارەکانی ئامەد و هەولێر، لە ئێستادا ژنانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و ئەورووپا، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی سێیەم دەکەن، بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوول لە هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی دووەم کۆبوونەوەی "پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد" بەڕێوەچوو، بڕیارە لە کۆتایی تشرینی یەکەم، لە سلێمانی کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی باشووری کوردستان ئەنجام بدرێت.
لە کۆبوونەوەی دووەمی پلاتفۆرمەکە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستان و ئەوروپا ئامادە بوون ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: لە ناو پێکهاتەکاندا کۆنفڕانسێک پێکهێندرا، بە ئامانجی پێکهینانی ئاشتی لە ناو نەتەوەکانی رۆژئاوادا، کە ژنانی تورک و عەرەب و کورد تێیدا ژیان دەکەن، تا لە ناوی ئەو گەلانەدا ئاشتی و ئارامی بوونی هەبێت، هەر لەسەر ئەو بنەمایە کۆنفڕانس ئامادە کراوە، لە کۆنفڕانسەکەدا بارودۆخی ژنان و گەلی ناوچەکە پێشنیارکراوە، بە تایبەت بارودۆخی ژنان لە دوای ڕوخانی ڕژیمی سووریادا، کە لە ناوبردن و قڕکردنی ژنان لە ناو کۆنگرەدا مژاری سەرەکی بووە، لەو چوارچێوەیە ژنانی کورد بۆ پشتگیری کورد لە ژنانی سووریا لە کۆنگرەدا خەبات و پشتگیری بگرنە دەست و لە چوارچێوەی خەباتی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرخۆدێری بکرێت.
"بەرخۆدانی ڕۆژئاوا تەواوی پاڕچەکانی دیکەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە"
ئازایەتی، بوێری و سەرهەڵدانی ژنان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و ئەوروپادا سەریهەڵداوە، بە نمونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەرخۆدان ئەنجامدەدرێت، پاشان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لەسەر هەمان دروشم وردە وردە بەرخۆدانی ژنانیان بەرەوپێش بردووە، ئەو بەرخۆدانییەی ڕۆژئاوا تەشەنەی بۆ تەواوی پاڕچەکانی دیکەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە، کە پاشان لە باشووری کوردستان و باکووری کوردستان بەرخۆدان و داواکردنی مافی ژنان بەردەوام ڕووی لە زیادبوون دەکرد، هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ژنان لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری و سیستماتیک گفتوگۆ و خەباتیان لە ئاستی سیاسیی کارو خەباتیان بەردەوام و بەرەوپێش دەبەن، کۆنگرەی سێیەمینی یەکێتی ژنانی کورد لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری ئەنجامی گرنگ بەدەست دەهێنێت.