ئیلهام ئەحمەد: خوێندن بە زمانی کوردی مافێکی بنەڕەتییە
ئیلهام ئەحمەد لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند، خوێندن بە زمانی کوردی مافێکی بنەرەتییە لە ناو هەر سیستەمێکی دیموکراسی و فرەیی لە سووریادا، هەر ڕێککەوتنێک لە داهاتوودا بکرێت، دەبێت ئازادیی هەڵبژاردنی زمانی خوێندن مسۆگەر بکات.
ناوەندی هەواڵ
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی سەبارەت بە خوێندن بە زمانی کوردی لە سووریا و پێویستی خوێندنی فرە زمانی لە وڵاتێکی دیموکراسیدا پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، پرسی داننان بەو بڕوانامانەی لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەرییەوە دەرچوون، تەنها پەیوەندی بە لایەنی کارگێڕییەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە گفتوگۆیەکی فراوانتر، سەبارەت بە مافی پێکهاتەکانی سووریا و لە سەرووشیانەوە مافی خوێندن بە زمانی دایک.
وتیشی: خوێندن بە زمانی کوردی مافێکی بنەرەتییە لە ناو سیستەمی دیموکراسی و فرەیی لە سووریادا، ئەو گفتوگۆیانەی دەربارەی پەسەندکردنی بڕوانامەکان و داننان بە پڕۆگرامەکانی خوێندن دەکرێن، نابێت تەنها لە ڕەهەندە سیاسییەکەیدا کورت بکرێنەوە، بەڵکو دەبێت وەک پرسێکی پەیوەندیدار بە مافی هاووڵاتییان و داهاتووی پرۆسەی پەروەردە لە وڵاتدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
هەروەها باسی لەوەشکرد، داننانی فەرمی بە بڕوانامەکان پێویستی بە لێکتێگەیشتنی ڕوون و چوارچێوەیەکی یاسایی ڕێکخراو هەیە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، لە ساڵانی ڕابردوودا هەزاران خوێندکار بەم پڕۆگرامانە خوێندوویانە، ئەمەش وا دەکات چارەسەرکردنی دۆسیەی بڕوانامەکان ببێتە پێویستییەک بۆ مسۆگەرکردنی داهاتووی ئەکادیمی و پیشەیی ئەوان.
ئیلهام ئەحمەد ڕاشیگەیاند، هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت ئازادیی هەڵبژاردنی زمانی خوێندن مسۆگەر بکات، لەگەڵ پاراستنی ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکان لە ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی پەروەردەدا، ئەزموونە نێونەتەوەییەکان سەرکەوتنی مۆدێلەکانی خوێندنی فرەزمانییان لەناو یەک دەوڵەتدا سەلماندووە.
جەختی کردەوە، ئەم پرسە پەیوەندی بە جیابوونەوە یان دروستکردنی سیستمێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسیی، کە دان بە فرەڕەنگی نەتەوەیی و کەلتووریدا بنێت و مافی خوێندن بۆ هەموو پێکهاتەکانی بەبێ جیاوازیی دابین بکات.