سوکایەتییەک بە ژنانی فەلەستینی دەکرێت

دوای ئەوەی سەربازە ئیسرائیلییەکان وێنە و کلیپی ڤیدیۆیی خۆیان بە جلی ژێرەوەی ژنانەوە کە لە ماڵە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە دۆزییانەوە ناڕەزایەتییەکا لەوبارەیەوە زۆربوون

ناوەندی هەواڵ

 

سەربازە ئیسرائیلییەکان وێنە و ڤیدیۆی خۆیان بڵاوکردەوە کە پارچە جلوبەرگی ژێرەوەی ژنانیان لەبەردایە و یاری بە بووکە شووشەی دەکەن لەکاتێکدا ڕووت بوون یان هەندێک لەو پارچانەیان لەبەردایە هەر بۆیە لە پاش ئەوە ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکان زۆربوون.

 

ڕافینا شامداسانی، وتەبێژی نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە گرتە ڤیدیۆییە سووکایەتیکردنە بە ژنانی فەڵەستینی و هەموو ژنان.

 

لە کاتێکدا یوتیوب کلیپێکی سڕیوەتەوە کە بە جۆرێک لە ئازاردانی سێکسی و توندوتیژی دانرابوو، تیمێکی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ئەم مانگەدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە، ژنان تووشی دەستدرێژی و تەنانەت دەستدرێژی بەکۆمەڵ بوونەتەوە.

 

بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە وێنانە بە پێشێلکردنی ماددەی ٢٧ی پەیماننامەی چوارەمی جنێف دادەنرێت سەبارەت بە مافەکانی خەڵکی مەدەنی لەکاتی جەنگدا، کە تێیدا هاتووە خەڵکی مەدەنی مافی ئەوەیان هەیە ڕێز لە شەرەف و مافی خێزان و بیروباوەڕی ئایینی و داب و نەریتی خۆیان بگرن و پێویستە ژنان بپارێزرێن بە تایبەتی دژی هەر هێرشێک بۆ سەر شەرەفیان.