یونیسێف هۆشداری دەدات: کارەساتەکانی کەشوهەوا مەترسی وازهێنان لە خوێندنی منداڵانی کچ زیاد دەکات
گۆڕانی کەشوهەوا ئیتر تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر ژینگە و تەندروستی، ئێستا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتوو و پەروەردەی منداڵان هەیە، بەپێی هۆشدارییەکی نوێی یونیسێف، کە جەختی لەوە کردەوە، کە منداڵانی کچ قورسایی ئەم دەرئەنجامانە لە ئەستۆ دەگرن.
ناوەندی هەواڵ
ملیۆنان منداڵی کچ لە سەرانسەری جیهان ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە لە لەدەستدانی دەرفەتی خوێندنیان بەهۆی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لە داخستنی قوتابخانەکان و ئاوارەبوونەوە بۆ زیادبوونی بارگرانی خێزانیی و مەترسییەکانی هاوسەرگیری منداڵان.
سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) هۆشداریدا لە پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر پەروەردەی منداڵان، ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵانی کچ ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە لە کوڕان بۆ وازهێنان لە خوێندن کاتێک قوتابخانەکان کاریگەری ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوایان لەسەرە، لەوانە شەپۆلی گەرما و زریان و ئاگرکەوتنەوەی کێوییەکان.
لە شیکارییەکدا، کە ١٠ی ئەیلوول بڵاوکرایەوە، ڕێکخراوەکە ڕوونیکردەوە، کە ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا لە ساڵی ڕابردوودا کاریگەرییان لەسەر خوێندنی نزیکەی ١٧١ ملیۆن خوێندکار لە ١٠٦ وڵات و ناوچەدا هەبووە، کە یەکسانە بە یەک لە هەر دە خوێندکارێک.
بەپێی شیکارییەکە، منداڵانی کچ زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە کاتێک کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا زیانی بە قوتابخانەکان گەیاندووە، وانەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، ناچاربوون بگۆڕدرێن بۆ خوێندنی دوور، هەروەها داخستنی قوتابخانەکان و پچڕانی قوتابخانەکان ئەگەری وازهێنانی منداڵانی کچ لە خوێندن زیاد دەکات.
یونیسێف ڕوونیکردەوە، زیانگەیاندن بە قوتابخانەکان و دامەزراوەکانی ئاو و پاکوخاوێنی، لەگەڵ ئاوارەبوون و لەدەستدانی داهات بۆ خێزانەکان، دەتوانێت بارگرانییەکی زیاتر بخاتە سەر منداڵانی کچ، لەوانەش چاودێریکردنی ئەندامانی خێزان و هێنانی ئاو، ئەمەش وادەکات درێژەدان بە خوێندنیان قورستر بێت.
ڕێکخراوەکە هۆشداریشی داوە کە ئەم فشارانە مەترسیەکانی هاوسەرگیریی منداڵانیش زیاد دەکەن، کە ئەمەش گەڕانەوەی منداڵانی کچ بۆ قوتابخانە هێندەی تر قورستر دەکات، تەنانەت دوای کردنەوەی قوتابخانەکان.
لە شیکارییەکەدا، دەرکەوتووە کە زریانەکان بەرچاوترین پەککەوتنی پەروەردە بوون کە پەیوەندییان بە کەشوهەواوە هەیە لە ساڵی ڕابردوودا، کە کاریگەری لەسەر نزیکەی ١٠٩ ملیۆن خوێندکار لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە، لافاو بە لانیکەم ٧٠ ملیۆن کەسی گرتەوە و شەپۆلەکانی گەرما خوێندنی نزیکەی ٥٠ ملیۆن منداڵ و گەنجی تێکدا.
یونیسێف جەختی لەوە کردەوە، شیکارییەکانی میتۆدۆلۆژیایەکی نوێکراوی بەکارهێناوە، پشتیان بەو زانیارییانە بەستووە کە لەلایەن دەزگاکانی فریاگوزاری و میدیا ناوخۆییەکانەوە کۆکراونەتەوە، نەک تەنها لەسەر ژمارەکانی حکومەت.
ڕێکخراوەکە مەزەندەی دەکات، کە نزیکەی یەک ملیار منداڵ” نزیکەی نیوەی منداڵانی جیهان” لەو وڵاتانەدا دەژین کە مەترسی زۆر بەرزیان لەسەرە بەهۆی شۆکی کەشوهەوا و ژینگەوە.
هۆشداریدا، لەوەی کە لەدەستدانی دەرفەتی فێربوون و دابەزینی لێهاتوویی خوێندەواری و ژمارەیی لە ئەنجامدا دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی داهاتی تەمەنی لانیکەم ٢٠٠ ملیار دۆلار، هەروەها نایەکسانییەکانی ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا توندتر بکات.
یونیسێف ئاماژەی بەوەدا، کە زۆرینەی منداڵانی تووشبوو لە وڵاتانی کەم داهات یان کەم داهاتی مامناوەنددا دەژین، کە سیستەمی پەروەردە زۆرجار سەرچاوەی پێویست نییە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی فێربوون لە کاتی حاڵەتە فریاگوزاریەکانی کەشوهەوادا.