یونسێف: لە هەر ٨ منداڵێک یەک منداڵ ڕووبەڕووی دەستدرێژی زایەندی دەبێتەوە

یونسێف بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٣٧٠ ملیۆن ژن و منداڵی کچ لە سەرانسەری جیهاندا بوونەتە زیانبەرکەوتووی دەستدرێژی زایەندی.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونسێف" لەسەر جۆری توندوتیژی کە "بە شێوەیەکی ترسناک بەربڵاوە" ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە.

 

ئەم ڕاپۆرتە پێش ١١ی تشرینی یەکەم کە ڕۆژی نێودەوڵەتی منداڵانی کچی نەتەوەیەکگرتووەکانە بڵاوکرایەوە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زیاتر لە٣٧٠ ملیۆن ژن و منداڵی کچ لە سەرانسەری جیهاندا پێش ئەوەی تەمەنیان بگاتە ١٨ ساڵ، دەستدرێژییان کراوەتە سەر، واتە لەهەر ٨ منداڵێک یەک منداڵ دەستدرێژی کراوەتەسەر.

 

یونسێف لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم ئامارە ئەگەر هێرشی ئۆنلاین و زارەکی لەخۆ بگرێت، ئەوا ژمارەی ئەو ژن و منداڵە کچانە لە جیهاندا بوونەتە قوربانی دەستدرێژی ٦٥٠ ملیۆن کەسە، واتە لە هەر ٥ کەسێک یەکێکیان تووشی دەستدرێژی بووە.

 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە ناوچەی سەحرا لە ئەفریقا ٧٩ ملیۆن کەس، لەڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ٧٥ ملیۆن، لە ئاسیای ناوەڕاست و باشوور ٧٣ ملیۆن، لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور ٦٨ ملیۆن، لە ئەمریکای لاتین و کاریبی ٤٥ ملیۆن کەس هەن ، ٤٥ ملیۆن لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست٢٩ ملیۆن، لە ناوچەکانی ئۆقیانووس٦ ملیۆن ژن و منداڵی کچ زیانبەرکەوتووی دەستدرێژیین.