"ئەوان ئێمە لە ماڵەکانی خۆماندا دەکوژن"

دەوڵەتی تورک کۆبانێ و گوندنشینەکانی تۆپباران کرد و ژن و منداڵیان بە ئامانج گرت، ئەو ژنانەی کە شاهیدی ڕووداوەکە بوون وتیان: "ئێمە لەناو ماڵەکانمان کۆمەڵکوژ دەکرێین و منداڵەکانمان لە دەست دەدەین".

کۆبانێ

 

پاشنیوەڕۆی دوێنێ ٨ی کانونی دووەم، دەوڵەتی تورک کۆبانێ و گوندنشینەکانی بە چڕی تۆپباران کردو لە ئەنجامدا ماڵی هاوڵاتیان کرانە ئامانج، بە شێوەیەکی سەرەکی ژنان و منداڵان هەموو هاوڵاتیانیان کردە ئامانج هاوکات گوندنشینانی گرێ سپی بیر عەرەب، خان، سەرزوری، کۆلتەپ، سیرین، سۆلان، ئەردە، لەگەڵ گوندەکانی کۆبانی قەرەموخ و عەلی شار تۆپباران کران، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا هاوڵاتیەک  شەهید بوو ١١ هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، ناوی بریندارەکان کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بریتین لە: ناڤین شکری بەشاری  ٢٥ ساڵ، مەزڵوم بەکر ٣٦، جیهان مەلا عوسمان سالح ٢٥، محەمەد بەهادین عەلی ٣٥ بەسنا ساڵح حەنیفی ٢٤، شیرین سەعید حەنیفی ٢٧، گەریلا جەلال عەبدوڵڵا  ٣٦، عەبدو مستەفا حەنیفی ٤، یاوەر ئیبراهیم حەنیفی ساڵێک و شەش مانگ، حەمود مەتر ئەلغافیلی ٥ و عادل کەتکانی ٣٠ ساڵ،  ئیبراهیم شەریف لە گوندی خان گیانی لەدەستدا، ئەو ژنانەی کە بریندار بوون و شاهیدی ڕووداوەکان بوون قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"من و منداڵەکەم بووینە ئامانجی تەقینەوەکە"

شیرین حەنیفی، کە لە گوندی قەرەموخەوە برینداربووە، دووپاتیکردەوە کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت ترس لە ناو خەڵکدا دروست بکات و وتیشی: "من خەڵکی گوندی قەرەموخم کوڕەکەم ناوی یاوەرە، تەمەنی ساڵێک و شەش مانگە، هەردووکمان قاچمان بریندار بووە لە ماڵەوە دانیشتبووین، تۆپباران دەکرێین و هەریەکەمان چووین بۆ شوێنێک، لە دەوروبەری من دەنگی منداڵ هەبوو، بەڵام من لە هۆشی خۆمدا بووم کاتێک گوێم لە دەنگەکە بوو دوكەڵ بەرز دەبۆوە، مندالەکەمم بینی کە قاچی بریندار ببوو، دەوڵەتی تورک هەمیشە دەڵێت، کە من هاوڵاتیان بە ئامانج ناگرم، بەڵام ئەمڕۆ هەموومان هاوڵاتین و لە ماڵەوە بووین، ئەمە یەکەمجار نییە دەوڵەتی تورک گوندەکەی ئێمە بکاتە ئامانج نەک تەنها ئێمە هەموو گوندەکانی سەر سنوور لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە ئامانج دەگیرێن، بەڵکو خەڵکی ئەم هەرێمەش قوربانی ئەو هەڕەشانەن".

 

"ئێمە لە خوێندا بووین"

نەجاح حەنیفی کە بە چاوی خۆی ڕووداوەکەی بینیوە وتی: "من لە ماڵەوە بووم دەنگی تۆپبپاران هات و کەوتە مالی باوکمەوە، پاشان ژنێکی بریندارم بینی کەلەناو خوێندا بوو مندالەکەی لەدەستی کەوتبوو، ژنێکی دیکە دەستی بریندار ببوو و یەکێکی دیکەش  قاچ و سکی بریندار بوو، ئەمە کۆمەڵکوژی بوو، دەوڵەتی تورک هەمیشە ئێمە و منداڵەکانمان بە ئامانج دەگرێت، ئێمە لە ئان و ساتدا دەژین، پەیامی دەوڵەتی تورک ئەوەیە ترس بخاتە دڵی خەڵکی ناوچەکەوە بۆ ئەوەی کۆچ لە ناو خەڵکدا دروست بکرێت و شەڕ لە ناو خەڵکدا بڵاوبکاتەوە".

 

"ئێمە لە مەترسیدا دەژین"

نور شکری بەشار، کە لە ناوەڕاستی شارەکەدا قاچی بریندار بووە ڕایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک بەم ڕووداوانە ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوەو وتی: "من و منداڵەکانم گوێمان لە دەنگی تۆپباران بوو، دواتر بینیم قاچم بە پارچەی تۆپ بریندار بووە، مندالەکەشم قاچی بریندار بووە، لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانەدا چەندین کەس بریندار بوون و هەندێکیان لە مەترسیدان و هەندێکیان لە دۆخێکی باشدان، ژنان و منداڵان قوربانی ئەو شەڕ و ڕووداوانەن".