ئەو ژنەی بەردی بناغەی مەزاری شەهیدانی دانا داوا دەکات گرنگی بە مۆنۆمینت و مەزاری شەهیدان بدرێت
مۆنۆمێنت و مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە لەلایەن فریشتە کەریمەوە دیزاین کراوە، لە ٣٧ەمین ساڵیادی کیمیاباران کردنی هەڵەبجەدا پەیامی خۆی هەیەو داوادەکات گرنگی بە مۆنۆمینت و مەزاری شەهیدان بدرێت.

هەڵەبجە
٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە شاری هەڵەبجە کیمیاباران کراو ٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداو ١٠ هەزار کەسیش برینداربوون، شەوی ڕابردوو ١٥ی ئادار بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتی بە داگیرساندنی مۆم لەسەر مەزاری شەهیدان یادی ئەو تاوانە کرایەوە.
یەکێک لە بەشداربووانی یادکردنەوەکە، فریشتە کەریم باوەجانی لەدایکبووی پاریزگای هەڵەبجەیەو سەرەتای تەمەنی گەنجی لە هەڵەبجە بەسەربردووە، بەڵام لە پاش ئەوەی چەندین جار هەڵەبجە بۆمب باران کراوە، چەند جارێک هەڵەبجەی بەجێهێشتوەو بۆ کۆتا جار ئیتر بڕیار دەدات نەگەڕێتەوە هەڵەبجەو بەرەو ئەوروپا ڕۆیشتووە، ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی ١٩٩٨ چووەتە ئەوروپاو نەگەڕاوەتەوە لە ساڵی ٢٠٠٤ گەڕاوەتەوە شارەکەیی و مەزاری شەهیدان و مۆنۆمێنتی شەهیدانی دروست کردووە.
فریشتە کەریم وەک هاوڵاتییەکی هەڵەبجەیی هەوڵیداوە لە زۆربەی یادەکاندا کە تایبەتە بە هەڵەبجە بەشداری بکات وتی: لە زۆربەی یادەکان بەشداریم کردووەو ئەمڕۆش حکومەتی عێراق بە فەرمی کردوویەتی بە پشوو بەڵام بەداخەوە لە هەرێم نەکرا بە پشوو ئەمەش جێگەی نیگەرانییە، چونکە هەموو جیهان پێویستە بزانیت یادی هەڵەبجە دەکریتەوە بەڵام لە کوردستان یاد ناکریتەوە.
"لە ماوەی ٦ هەفتە مەزاری شەهیدانم دروست کردو مۆنۆمینتی شەهیدانم نۆژەن کردەوە"
مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە کە ٥ هەزار کێلی ڕەمزی شەهیدانی کیمیابارانی لێیە لەلایەن فریشتە کەریمەوە دروست کراوەو وتی: من بە شەوو رۆژ لەماوەی ٦ رۆژدا مۆنۆمینتی شەهیدانم نۆژەن کردەوەو مەزاری شەهیدانم دروست کرد بە هاوکاری هاوڕێیان و خزمانمان، شانازی بەوە دەکەم کە وەک هەلەبجەییەک جێگە دەستم دیار بێت و هیواخوازم کوردستان و عیراق چیتر کەسوکاری شەهیدان بریندار نەکەن، لە باشووری عیێراق هەر کەس بریندارێک یان قوربانییەکی هەبێت یان زیندانی سیاسی مانگانە بڕێک پارەی باش وەردەگرێت، بەڵام کەسوکاری شەهیدان لەهەڵەبجە بەپێچەوانەوە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی بڕینی موچەکانیاندان.
جگە لە کێلی ڕەمزی شەهیدان پەیکەری هاواری ژنێک هەیە
لە مەزاری شەهیدان پەیکەریک هەیە کە نیشانەیە بۆ دایکێک کە دەستەکانی بەرز کردۆتەوەو دەپاریتەوە لەبەرامبەر ئەو زوڵمەی لێیان کراو بەسەدان دایک ون بوون و نەدۆزانەوە، پارانەوەیە لە خوداو هاوارە.
سەبارەت بە سەرچاوەی دروست کردنی مەزاری شەهیدان فریشتە کەریم وتی: سەرچاوەی بیرۆکەی دروست کردنی مەزاری شەهیدان ئەوەبوو سەرۆک کۆماری عێراق داوای لیکردین بە خێرایی شتیک پیشانی جیهان بدەن و بۆماوەی ٦ هەفتە لەگەڵ هاوڕێیانی هەڵەبجەو خوێندنگەکان توانیمان دەسکەوتیکی گەورە بەدەستبهێنین، داوا دەکەین حکومەتی عێراق و هەرێم لە خزمەتگوزاری نەوەستن، چونکە ئەگەر خزمەتی نەکەن ئەوە تەخت دەبێت و کەس بەقەد کورد زوڵمی لی نەکراوەو کورد بەردەوام زوڵمی لێ دەکرێت، لەبەر ئەوەش کە یەک دەستنین ناتوانین یەکبین، بەهیوام کە هاتمەوە هەڵەبجە بە جوانتر و ئاوەدانتر بیبینم.