ئەو نەخۆشخانە ئەهلیانەی غەزال مەولانیان چارەسەر نەکرد ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەو نەخۆشخانە ئەهلیانەی شەهید غەزال مەولانیان چارەسەر نەکرد، ڕووبەڕووی یاساو ڕاگەیاندکاران کرانەوە.

سلێمانی 

 

ئەمڕۆ لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، بە ئامادەبوونی سەنتەری میترۆ، پارێزەرو ڕۆژنامەنووسان، نوێنەرانی هەریەک لە نەخۆشخانەی ئاسیای ناحکومی، بەخشینی ناحکومی و نەخۆشخانەی شۆڕشی حکومی، لەبارەی وەرنەگرتنی شەهید غەزاڵ کە کاتێک بەهۆی درۆنی ئێرانەوە بۆسەر ناوچەی سوورداش لە سلێمانی برینداربووە لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی، سەنتەری میترۆ، پێشوازی لە نوسینگەی پارێزەران "ڕێزانی شێخ دلێر" کردو، لە کۆنگرەکەدا لە ڕێگەی بەڵگەو نووسراوەکانەوە باس لە هۆکاری وەرنەگرتنی شەهید غەزال مەولان کرا.


ڕێزانی شێخ دلێر، پارێزەر ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی هێرشەکان چەندین درۆن لە هەرێمی کوردستان کەوتووەو زیانی گیانی و ماددی هەبووە، ئەرکی نەخۆشخانەکان چارەسەرییە، لە ئەنجامی هێرشەکان برینداران و شەهیدان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێت، بەڵام بیندرا لە هێرشەکەی سەر سوەرداشدا غەزال مەولان دەبرێتە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بەڵام چارەسەری بۆناکرێت، لەکاتێکدا پەنابەر بووە و ڕویکردوەتە نەخۆشخانەکان بەڵام بە بیانووی چەکداری و هێرشەکانی ئێرانەوە وەریان نەگرتووە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی تەندروستی بێتە سەر خەت، تا بابەتەکە بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیان ڕونبێتەوە، ئێمەش وەک پارێزەران ڕێکاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەکان بگرینەبەر. 

 

ڕەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتی: لەدوای ڕاپەڕینی گەلی کوردەوە، دەرگای پزیشکان بەڕووی نەخۆشدا کراوەتەوە، بەڵام لە هێرشەکانی ئێران بۆسەر کامپی پەنابەران لە سوورداش بیندرا شەهید غەزال مەولان بە برینداری و بە نەزیفی دەبرێتە چەندین نەخۆشخانە بەڵام چارەسەر ناکرێت بە هۆکاری سیاسیی، پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەیسی ئەو ژنە شەهیدە بگیرێتە بەر.


هەڵگورد جەلال، نوێنەری نەخۆشخانەی ئاسیا، وتی: ئەو نەخۆشەی گوایە هاتوەتە نەخۆشخانەکەمان بەهیچ شێوازێک نە پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردانیکردنی نەبووە، ئێمە وەک حاڵەتێکی مرۆیی لەهەر  کەیسێکمان دەڕوانین، لەو ڕۆژەدا هیچ کەیسێکمان ڕەتنەکردوەتەوە، ئەو تۆمەتەی بۆ ئاسیا دروستبووە ڕەتدەکەینەوە، ئێمە ئامادەیمان بۆ هەرکەیسێک هەبووە، دووبارە بۆ ڕاگەیاندنەکان و هاوڵاتیان، ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بۆ کەیسی شەهید غەزال مەولان پێوە نەکراوە،  ئەگەر پەیوەندیمان پێوەبکرایە دەستبەجێ هاوکاری تەندروستیمان دەکردن. 

 

کاروان عەلی ، نوێنەری نەخۆشخانەی بەخشین، وتی: ئەوکەیسەی سەردانی کردووین بەڕێزەوە بەڕێمان کردوون، بەڵام بە هۆکاری نەبوونی کەیسی پۆلیسی فریاکەوتنی ۲٤ کاتژمێرمان نییە، وەک نەخۆشخانەی بەخشین بەنووسراو ڕونیدەکەینەوە، ئێمە بە یاسا پێمان وتراوە مۆڵەتمان پێنادرێت تا مۆڵەتی پۆلیسی پێنەبێت کار بۆ نەخۆشەکان بکەین، هەروەها کەیسی بریندارو چەقۆ و حادیسەکان ناتواندرێت بکەین، ئێمە لەوێ دەمانتوانی تەنها پێداویستی سەرەتای بۆبکەین، داوا لە دادگا و لایەنە یاسایەکان دەکەین، کەیسەکە ببرێتە بەردەم دادگاو تاوانەکان یەکلای بکرێتەوە. 


" لێکۆڵینەوە و دادگایکردن بۆ ڕاستی شەهیدکەوتنی غەزال مەولان پێویستە و ئەنجامدەدرێت" 
هانا شوان، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، جەنگێکی مەترسیدار ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، هەرچەندە گەلی کورد خۆی لەو جەنگە بەدوربگرێت ڕوبەڕووی دەبێەوە، وتی: کوردان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان خەبات بۆ نەتەوەی ورد دەکەن، بەهۆی ئەو خەباتەوە زۆرێک لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوارەی باشووری کوردستان بوون، گەلی کورد بەردەوام بە پێکەوەیی خەباتی بۆ ئازادی کردووە، بەڵام هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان لە ۱٤ی ئاداردا بۆسەر کامپی سوورداش کە خانەوادەی پێشمەرگەی کۆمەڵەی تێدابوو ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی برینداربوون، لە ناویاندا غەزال مەولان بەهۆی وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان و هێنانەوەی پاساوی کەیسیەکەی کە لە هێرشی درۆنیدا بریندار بووە وەرناگیرێت و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجام نادرێت، لە ڕێگەی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەوە هەول بۆدەرخەری ڕاستی ڕووداوەکە دەدەین، دەبینین بۆ وەرگرتنی ڕاستی و ڕووبەڕووکردنەوەی نەخۆشخانە ناحکومییەکانی کە شەهیدەکەیان وەرنەگرتووە، ڕاگەیاندکاران لە هەوڵدان، مافی تەواویان بۆ لێکۆڵینەوە هەیە، پێویستە وردتر بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بکەن. 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: خەمی ژنی کورد درێژ خایەنە ، ژنانی خەباتکارو پێشمەرگەو شۆڕشگێڕەکان زیاتر ڕووبەڕووی نادادپەروەری و خەم دەبنەوە، ئەو هێرشانەش زیاتر مەترسی دەکەوێتە سەر کارو خەباتیان، بۆیە پێویستە سیستماتیکانە بەرەو خۆپارێزی بۆ ژنانی خەباتکار هەوڵ و تێکۆشان بکرێت.