ڕۆژنامەنووسان لە تونس ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە

ڕۆژنامەنووسانی تونس سەرەڕای هەموو فشارەکان بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین. ڕۆژنامەنووسان سەر بۆ ئەو فەرمانانە دانانەوێنن کە پێچەوانەی دەستکەوتەکانیان بێت.

زهوور مەشرقی

 

تونس- دوای ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ٢٠١١، تونس لە ڕووی بنەما بنەڕەتییەکانی شۆڕش و ئازادی و دادپەروەرییەوە لە پێشەنگی وڵاتانی ناوچەکە بوو، سوودی لە پێشهاتەکانی ڕاگەیاندن لە دوای شۆڕش وەرگرت و میدیاکان بوێرانە پرسەکانی نایەکسانی، توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، کۆچی نایاسایی و کاری منداڵان لە شەڕ و ململانێکاندا هێنایە زمان.

 

فەرمانێک سانسۆریشی لەگەڵ خۆی هێنا
ئەم پەرەسەندنە ڕۆڵی کۆنترۆڵکەری میدیای زیاد کرد. ڕۆژنامەگەری نەک تەنها بە ڕووماڵکردنی هەواڵەکان، بەڵکو بە لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی خێزانی و نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەکان بوو بە دەنگی کۆمەڵگە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم دەستکەوتانە کەوتنە مەترسییەوە، چونکە ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی یاساییەوە ڕێگرییان لێکرا. بە تایبەتی، فەرمانی ژمارە ٥٤ی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ لێپێچینەوە لە تێڕوانینی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنرا.


ئەو بابەتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرانەوە بە تاوان هەژمار دەکران
ئەم فەرمانە و هەمووارکردنە یاساییە نوێیەکان بازنەی کاری ڕۆژنامەوانییان بەرتەسک کردەوە. بە فەرمانی ژمارە ٥٤، ناوەڕۆک کە لە میدیای دیجیتاڵیدا بڵاودەکرایەوە، بە تاوان دادەنرا و دژی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەکارهێنرا کە بۆچوونەکانیان دەربڕی. ئەم دۆخە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئازادی میدیا. ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ئامادە دەکرێن، پشتڕاستی دەکەنەوە کە ڕۆژنامەنووسان لەسەر پیشەکەیان هەڕەشەیان لێدەکرێت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

ئەو دەستکەوتانەی دوای شۆڕش بەدەست هاتوون لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدان
لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانەدا، تونس لە ڕیزبەندی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری ساڵی ٢٠٢٤دا پلەی ١١٨ی لە کۆی ١٨٠ وڵات بەدەستهێنا. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣دا پلەی ١٢١ی بەدەستهێناوە. ئەم پاشەکشەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو دەستکەوتانەی دوای شۆڕش بەدەست هاتوون لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدان. ئەم دۆخە پرسیار لەسەر ئایندەی ڕۆژنامەگەری لە تونس دەوروژێنێت و بەتایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن مەترسیدارە. ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕووبەڕووی تەحەددیاتی وەک هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەبوونی پاراستنی یاسایی و هتد دەبنەوە..

 

زۆرێک لە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان لە کارەکانیان دوورخرانەوە
لەگەڵ ئەم سەختییانە، ژنە ڕۆژنامەنووسانی تونس جگە لە ئاستەنگی یاسایی و ئابووری بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەراسانکردنی دیجیتاڵی و هەڵاواردن لەناو دامەزراوە میدیاییەکان،. بەپێی ڕاپۆرتەکانی سەندیکای نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسانی تونس، ڕۆژنامەنووسانی ژن تادێت ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی دادوەری دەبنەوە. بەهۆی قەیرانی دارایی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەهلی، زۆرێک لە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان لە کارەکانیان دوورخرانەوە یان ناچاربوون لە بارودۆخێکی ناجێگیردا بژین.


'ئەم بڕیارە پێچەوانەی دەستوورە'
جیهان لاواتی، ئەندامی سەندیکای نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسانی تونس، وتی: میدیاکانی تونس کاریگەرییەکی زۆری لەسەرە بەهۆی فەرمانی مشتومڕاوی ٥٤. ئەم فەرمانە ڕێگری لە ئازادی بیرکردنەوە و ڕاگەیاندن کردووە و بووەتە هەڕەشە بۆ سەر دەنگە ئازادەکان لە تونس. ئەم فەرمانە پێچەوانەی دەستوورە و پێچەوانەی دەستووری ساڵی ٢٠٢٢ و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە تونس پەسەندی کردووە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بانگەوازی پەرلەمانتاران بۆ گۆڕین یان هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکە بە جددی وەرناگرێت”.

 

ژنە ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ قەیرانی ئابووریدا دەجەنگن
ژنانی ڕۆژنامەنووس، جگە لە فشارە پیشەییەکان، ناچارن لەگەڵ قەیرانی ئابووریدا خەبات بکەن. میدیای ئەهلی بەهۆی نەبوونی پشتیوانی دەوڵەت و دابەزینی داهاتی ڕیکلام لە لێواری داڕماندان. هەروەها ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لە کارەکانیان دووربخرێنەوە یان چەند مانگێک بەبێ مووچە کاربکەن.

 

دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕەتدەکرێتەوە
هەرچەندە مادەی ٣٢ی دەستووری تونس مافی وەرگرتنی زانیاری گەرەنتی دەکات، بەڵام ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە فەرمییەکان. فەرمانی ژمارە ١٩ ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان دەکات کە دەستیان بە سەرچاوەکانی حکومەت بگات. ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر بنەماکانی شەفافیەت و لێپرسینەوە.

 

ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار دەبنەوە
سەرەڕای هەموو ئەم سەختییانە، ژنە ڕۆژنامەنووسانی تونس پێیان وایە ئازادی ڕادەربڕین کە گەورەترین دەستکەوتی شۆڕشە، ڕووبەڕووی لەناوچوونە. فەرمانی ژمارە ٥٤ وەک هەڕەشەیەک لە دژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەکاردێت و ترسی زیاتر دەکات. جیهان لاواتی، ئەندامی سەندیکای نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسانی تونس، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە ویستمان ئەم شۆڕشە ئەزموونێکی دیموکراسی فرەیی و پێشکەوتنخوازانە بێت، بەڵام ئەمڕۆ لەبەردەم هەڕەشەی داخستنی فەزاکانی ئازادیداین.