"ئەركی حكومەت و پەرلەمانە ماف و پێداویستییەكانی منداڵانی ئۆتیزم و خانەوادەكانیان دەستەبەر بكەن"

د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ھاوسۆزیی خۆی بۆ ئەو دایك و باوكانە دەردەبڕێت کە خاوەنی منداڵی ئۆتیزمن و دەڵێت: " ئەركی حكومەت و پەرلەمانە ماف و پێداویستییەكانی منداڵانی ئۆتیزم و خانەوادەكانیان دەستەبەر بكەن".

ناوەندی هەواڵ

بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی هۆشیاریی ئۆتیزم، د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کورستان لە پەیامێکیدا دەڵێت: "لە ڕۆژی جیھانیی هۆشیاریی ئۆتیزم-دا، ھاوسۆزیی قووڵی خۆمان بۆ ئەو دایك و باوكە میھرەبان و خەمخۆرانە دەردەبڕین، كە بە پشوویەكی درێژ و لەخۆبردووانەوە ڕووبەڕووی دۆخی سەختی پەروەردەیی جگەرگۆشەكانیان بوونەتەوە، ماندووبوون و ھیلاكیتان جێگه‌ی ئەوپەڕی ستایشە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین، كە ئەركی حكومەت و دامەزراوە تەندروستییەكانە، دەستباری ئەم ئەركە قورسە پەروەردەییە لەگەڵ دایك و باوكانی خاوەن جگەرگۆشەی ئۆتیزم لە ئەستۆ بگرن، ئەویش بە كردنەوەی ڕێژەیەكی گونجاو لە سەنتەری ڕاھێنان و چارەسەركردن".

 

ئاماژەی بەوەشکردوە ئەركی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕِێكخراوە مرۆییەكان، بە یاسایەك ماف و پێداویستییەكانی ئەم توێژە و خانەوادەكانیان دەستەبەر بكرێت، بە تایبەت كە لە ئاماری ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ھاتووە؛ لەنێوان ھەر ١٦٠ منداڵێكدا یەكێكیان گیرۆدەی ئەم دۆخە تەندروستییە خراپ و ناھەموارەی ئۆتیزمن، دیارە ئەم ڕێژە بەرزەش لێكەوت و كاریگەریی خۆی ھەیە و زۆربەی كاتەكان باوانی مناڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم دووچاری خەمۆكی و چەندین جۆری ناسەقامگیریی دەروونی دەبنەوە، بەھۆی ھیلاكیی بەخێوكردنەوە، بێگومان كاریگەرییەكانیشی دەپەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگه‌.


لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕێواز فایەق وتویەتی: "جارێكی دیكە سوپاس و خۆشەویستیی خۆم ئاراستەی ھەموو ئەو دایك و باوكانە دەكەم كە بەوپەڕی میھرەبانییەوە زۆربەی كات و خۆشییەكانی ژیانی خۆیان كردۆتە قوربانی لەپێناو بەخێوكردن و گۆشكردنی منداڵە نەخۆش و تووشبووەكانیان بە ئۆتیزم".