ئێران سزای زیندانی بەسەر ئیلهام زراعتپیشە و نەگین کیانی سەپاند
دەزگا دادوەرییەکانی ئێران سزای شەش ساڵ زیندانی و دوو ساڵ قەدەغەکردنی گەشت، بەسەر پارێزەر ئیلهام زراعتپیشە سەپاند، هەروەها سزای ساڵێک زیندانی بەسەر وێنەگر نەگین کیانی سەپاند.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، دادگای ئێران سزای زیندانی و قەدەغەی بەسەر دوو ژندا سەپاندووە، یەکێک لە زیندانییەکان ئیلهام زراعتپیشە، پارێزەر و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی پارێزگای فارس، لەلایەن دادگای شۆڕشی شیرازەوە ڕووبەڕووی سزایەکی قورس بووەتەوە.
بەپێی بڕیارەکە، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و هاوکاری دژی ئاسایشی نیشتمانی و پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە.
هەروەها دادگا بڕیاری دوو ساڵ قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی داوە، ئەم سزایە بە فەرمی لەلایەن پارێزەری کەیسەکە “شەهلا ئەروجی” بە میدیاکان ڕاگەیەندراوە، دوای ئەوەی ناوبراو لە ٤ـی ئایاری ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو.
هەروەها نەگین کیانی، وێنەگر و نیشتەجێی شاری بابل، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە، بە یەکساڵ زیندانی حوکم دراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: دادگا تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵاتی داوەتە پاڵ ناوبراو، هۆکاری سەرەکی سەپاندنی ئەم سزایە بۆ چالاکییە دیجیتاڵییەکانی دەگەڕێتەوە، لەوانەش بەکارهێنانی هاشتاگەکانی وەک “نا بۆ سێدارە، ژن، ژیان، ئازادیی و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ زیندانیانی سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.