ئێران... شەریعەت و فەتواکان حوکمڕانی دەکەن، لەکاتێکدا یاسا خۆی دەدزێتەوە

لە وڵاتێکدا کە سەرەتایترین مافەکانی ژنان قەدەغەکراون، ماتۆڕسکیل و پاسکیل بووەتە گۆڕەپانێکی شەڕی ڕەمزی، شەڕێک لە نێوان ژنانی خەبات بۆ ئازادی و دەسەڵاتێک کە لە سەربەخۆی خۆیان دەترسێت و فەتوا و یاسا دەردەکات.

نەسیم ئەحمەدی

کرماشان- کاتێک وشەکان کۆدەبنەوە، چەندین واتای دروست دەکەن، بەڵام یەک وشە هەیە کە کاتێک لەگەڵ هەر دەربڕینێکدا تێکەڵ دەکرێت، تەنها یەک واتای بەرهەم دەهێنێت کە"قەدەغەکردن"، ئەو وشەیەش "ژن"ە، لەو کۆمەڵگەیانەی کە پیاوان زاڵن بەسەر داڕشتنی یاساکان و دیاریکردنی شێوازی ژیانی ژنان، ژنان بێبەش دەبن لە پراکتیزەکردنی سەرەتایترین مافەکانی ڕۆژانەیان تەنها لەبەر ئەوەی پیاوان بە گونجاوی دەزانن و پێیان وایە ڕۆڵی ژنان سنووردارە بەو ئەرکە تایبەتانەی کە ئەوان هەڵیدەبژێرن.

 

پاسکیل سواری: گوناحه یان ئازادی؟

لە نێو هەموو ئەو چالاکییانەی کە ساڵانێکە لە ژنان قەدەغە کراون، پاسکیل سواری و ماتۆڕسکیل یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆرترین گفتوگۆی لەسەرە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هیچ یاسایەک نییە کە ژنانی پاسکیل سورای یان ماتۆڕسکیل قەدەغە بکات و قەدەغەکردنەکەش لە نۆرمەکانی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت.

 

بەڵام ڕاستیەکە دەریدەخات کە پێنەدانی مۆڵەتی ماتۆڕسکیل بۆ ژنان بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە دەسەڵاتداران دژی ئەم کارەن، تەنانەت ئەگەر بە ڕوونی لە بڕگە یاساییەکاندا نەخرێتەڕوو، ڕەتکردنەوەی مۆڵەتدان، پشتڕاستکردنەوەی یاسای قەدەغەکردنەکە پێکدەهێنێت، جگە لەم سنووردارکردنە ڕواڵەتی و شاراوەیانە، سەرنجی زانایان و دەسەڵاتدارانی ئایینی لەسەر ئەم بابەتە و دەرکردنی چەندین فەتوا ، ئەوە دەردەخات کە چەندە گرنگە بۆ دەسەڵات ڕێگری لە پاسکیلسواری ژنان بکەن، ئایەتوڵا سوبحانی تەبریزی بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە، ڕەنگە ژنانی ماتۆڕسکیل ڕێگە خۆش بکەن بۆ بڵاوبوونەوەی گوناه لە کۆمەڵگەدا، ئەم تۆمەتە لەسەر بڵاوکردنەوەی گەندەڵی ژنان لە کاتێکدایە کە ژنێک لە پشت پیاوێکەوە سواری ماتۆڕسکیل بێت، بە شەریعەت و داب و نەریتی بە حەرام نازانرێت، بەڵکو کێشەکە تەنها کاتێک سەرهەڵدەدات کە ژن شۆفێر بێت.

 

ئایا لێخوڕینی ئۆتۆمبێل شەرمەزارییە یان مافێکە بۆ ژنان؟

ئیلهە م.، کە ساڵانێکە بە جلوبەرگی پیاوانەوە پاسکیلەکەی لێدەخوڕێت، وتی: خەباتەکەمان لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە وەک ژن لەدایک دەبین، هەموو شتێک کە دەمانەوێت بیکەین، ڕوبەڕوی ئاڵەنگاری گەورە دەبینەوە کە لەلایەن پیاوانەوە بۆمان دادەنرێت، لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هاوڵاتیان هاندەدرێن پاسکیل لێبخوڕن بەهۆی سوودە تەندروستی و ژینگەیەکانیەوە، بەڵام لە ئێراندا ئەو عەقڵی پیاوسالاریەی کە دەیەوێت ژنان بە ملکەچی پیاوان بمێننەوە، ڕێگریان لێدەکات کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم چالاکیە ئەنجام بدەن.

 

لە کۆمەڵگەدا لە ئەنجامی ئەو باوەڕە پیاوسالاریە لەمێژینەی کە ژن کۆنترۆڵی هیچ شتێک نییە، بووەتە شتێکی باو کە هەر ڕووداوێکی هاتوچۆ بگەڕێندرێتەوە بۆ ژنێک، ڕاستە مۆڵەتی شۆفێری بۆ ژنان قەدەغە نەکرابوو، بەڵام بەهۆی ئەو تێڕوانینە چەسپاوەی کە ژن توانای شۆفێری نییە و ئەوە "شەرمەزاریە" بۆ ئەوان، ژمارەی شۆفێری ژن تا دەیەی دوایی کەم بوو، ژنانیش دەترسان بە تەنها بچنە پشت سوکانەوە.

 

حجته ئیسلام سه خاوتیان، پرۆفیسۆر له کۆلێژی ئاینی سەبارەت بە شۆفێریکردنی ژنان وتی: من باوەڕم وایە شۆفێریکردنی ژنان کێشەدارە، چیرۆک هەیە دەربارەی کۆتای زەمان و ئیمام عەلی کە وتی: سەرکردایەتی ژنان دەبێتە هۆی گەندەڵی، پاش لێکۆڵینەوە لەو چیرۆکانە، بۆمان دەرکەوت کە لێخوڕینی ژنان لە ئۆتۆمبێلی ئاسن (ئاماژە بە ئۆتۆمبێل و پاسکیل) وەک نیشانەی کۆتای زەمان باسکراوە و ناکرێت ئەم گێڕانەوەیانە پشتگوێ بخرێن.

 

"دووانەی دەسەڵات: ستەم و ەوساندنەوە"

کۆماری ئیسلامی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی توانیویەتی فشارەکان لەسەر ژنان زیاد بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە سواری پاسکیل یان لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بکەن، بە تێکەڵکردنی ئەم بیروباوەڕانە لەگەڵ بیرکردنەوەی پیاوسالاری، لە گێڕانەوەی ئایینیدا "بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ئەخلاقی" بە یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی کۆتای زەمان دادەنرێت، لە کاتێک زانایان شۆفێری ژنان بە یەکێک لەو نیشانانە دەزانن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەربەخۆی ژنان تا چەند هەڕەشە لە دەسەڵاتی پیاوسالاری لە ئێراندا دەکات کە هەموو ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ئەو تەماحە بەکاردەهێنێت.

 

بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەسەڵاتدارانی ئێران دژایەتی پاسکیلسواری ژنان ناکەن مەگەر لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیان ناکۆکی نەبێت، کە ئەمەش لە ساڵی ٢٠٠٤دا بوو، لە هەڵمەتێکی بەنگەشەی بەرفراوانیان دەستپێکرد بۆ پشتیوانیکردن لە پاپا مەهدەوی نادر، کە یەکەم ژنی ئێرانی بوو بە پاسکیل گەشت بە جیهاندا بکات، بێهنام ڕەحیمپوور، بەڕێوەبەری بەرنامەکەی، وەک یەکەمین ژنی ئێرانی کە بە پاسکیلەوە بە گەشت بە جیهاندا دەکات، گرنگی گەشتەکەی بۆ لەوەدابوو کە باڵاپۆشە و نیشانی دا کە ڕژێم دژی پاسکیلسواری ژنان نییە ئەگەر خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی بکات.

 

"ترسی بیرکردنەوەی پیاو لە پاسکیلەکانی ژنان"

لە لایەکی ترەوە ئەم چالاکیانە وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی ئەوپەڕی زوڵم بەسەر ژناندا بەکاردەهێنرێن، لە ئاکامی ئەو فشارەدا ژنان ترسیان لێخوڕینی بەتەنها پەرەی سەندوە، ترسێک کە لە هزری پیاوسالاری و سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێرانەوە سەرچاوەی گرتوە، ساڵانێکی زۆرە ژنان نەیاندەتوانی خەیاڵیان بەوەدا بێت کە بتوانن خەونی پاسکیلسواری یان ماتۆڕسکیلیان بەدیبهێنن، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لە سایەی خەباتی ژنان لە دژی فەتواکانی قەدەغەکردنی شۆفێری، شەقامەکان بوونەتە گۆڕەپانێک بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئارەزووی ژنان و ئەو سنووردارکردنە ئایینیانەی کە نەیارانی سەپاندویانە.

 

"ئامارەکان ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن"

لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی ئەو ژنانەی کە ماتۆڕسکیل سواری دەکەن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە، بەجۆرێک کە بەشێک لە بەرپرسانی حکومەت ناچاربوون دان بەوەدا بنێن، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردودا، مەهدی قەمساریان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی بیمەی برینداربوونی جەستە، ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو ژنانەی ماتۆرسکیل لێدەخوڕن ڕوو لە زیادبوونە و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٢٤ نزیکەی ١٣٥ ملیار تۆمان وەک قەرەبووی ڕووداوەکانی ماتۆڕسکیل دراوە کە تیایدا ژنان بێ بیمە سەرنشین بوون.

 

"ماتۆڕسکیل هێمای خۆڕاگری ژنانە لە ئێران"

ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە حکومەت بە ڕەتکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و بیمەی ژنان، هەوڵدەدات بوونی توێژێکی گەورەی کۆمەڵگە ڕەت بکاتەوە، وتا ئەو ژنانەی کە ماتۆڕسکیل لێدەخوڕن، ئەم تاکتیکە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەیان لە گەڕەکەکاندا بەکاردێت، بەڵام ئەو ڕاستیەی کە نکۆڵی لێ ناکرێت ئەوەیە کە ژنانی ئەمڕۆ لە پاسکیل و ماتۆڕسواری ناترسن، بەڵکو کردویانە بە ڕەمزێک کە نیشان دەدات حکومەت و یاسا و بانگخواز و پیاوسالاری ناتوانن خەباتیان ڕابگرن، بەڵکو بوونەتە پاڵنەرێک بۆ ئیرادەی زیاتر لە بەرەکانی شەڕدا، بوارێک کە سەرەڕای هەموو سنووردارکردنێک، ژنان توانیویانە ئاڵای خەباتی خۆیان بەرز ڕابگرن و بەرەو ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی پیاوسالاری پێشڕەوی بکەن.