ئێران منداڵان دەکاتە ئامڕازی ئایدیۆلۆژی
کوشتنی منداڵێکی ١١ ساڵان لە خاڵێکی پشکنین لە ئێران، پرسیارێکی بنچینەیی لە بارەی ڕۆڵی ڕژیم لە پاراستنی منداڵاندا دروستکردووە، هەروەها ئاشکرای دەکات کە چۆن دەکرێنە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی ئامانجە ئایدۆلۆژییەکان.
شیلان سەقزی
ناوەندی هەواڵ-لە ناوەڕاستی ململانێ بەردەوامەکانی ئەمڕۆدا کە خودی پەیکەری ژیانی ڕۆژانەی گرتۆتەوە، چەمکی "ئەمن" لە هەموو کاتێک زیاتر جێگەی پرسیارە. چەمکێک کە مەبەست لێی پاراستنی ژیانی مرۆڤە، زۆرجار دەبێتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی پێکهاتەکانی دەسەڵات، لەم تێکەڵاوبوونەدا هێڵەکانی نێوان پاراستن و هەڕەشە کاڵ دەبنەوە و گروپە هەرە لاوازەکان بە تایبەت منداڵان ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.
کوشتنی منداڵێکی ١١ ساڵان لە خاڵێکی پشکنین لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی دیکە، قەیرانێکی قووڵ لە ناو سیستەمی دەسەڵاتداری و ئاسایشدا بەرجەستە دەکات، لە سیستمێکدا کە ئاسایش بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدار دەقۆزرێتەوە، منداڵ پێگەی خۆی وەک تاکێکی پارێزراو لەدەست دەدات و دەبێتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان.
منداڵان بوونە سووتەمەنی ململانێی شەڕی ئێران-عێراق
ئەم یاداشتە ئامانجی تیشک خستنە سەر ڕەهەندە یاسایی، مێژوویی و مرۆییەکانی ئەم کارەساتە، هاوکات بەبیرهێنانەوەی نموونەی هاوشێوەی ڕابردوو، بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن منداڵان چەندین جار ڕادەکێشرێنە ناو دڵی سیاسەتی ئایدیۆلۆژی و پڕوپاگەندەییەوە، دەبنە سووتەمەنی بۆ ئەو ململانێیانەی کە هیچ بەشێکیان تێدا نییە.
یونیسێف بەدرێژایی ساڵان بەردەوام هۆشداری داوە لە ڕەوانەکردنی منداڵان بۆ شوێنە سەربازی و نیمچە سەربازییەکان، ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی منداڵانی دەزانێت، ئەم هۆشدارییانە تەنیا ڕاگەیاندن نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکی سەختن کە تیایدا منداڵان بە زۆر دەبرێنە ناو ژینگەیەکی مەترسیدارەوە کە پێویستە لێیەوە ڕابگیرێن، لە سەرەتاییترین مافی پاراستنیان بێبەش دەکرێن.
چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هۆشدارییان بە تایبەتی ئاڕاستەی ئێران کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەشداری منداڵان لە بازگەکان یان لە چالاکییەکانی بەسیجدا پێشێلکارییەکی قورسە بۆ مافە بنەڕەتییەکانیان. ئەم پراکتیزانە ڕەنگدانەوەی ئازاری هەزاران منداڵە کە لە ساڵانی ڕابردوو و تەنانەت دەیان ساڵی ڕابردوودا خۆیان لە دڵی توندوتیژی و شەڕدا بینیەوە، لە کاتێکدا دەبێت لە گۆڕەپانی یاری و خوێندنگە و ژینگەی گەشەسەندنی سروشتیدا بن.
کاتێک منداڵێکی ١١ ساڵان لە خاڵێکی پشکنیندا، لەناو ئاگری زیندوو و هەڕەشەی ڕاستەوخۆدا دەکوژرێت، ناتوانرێت وەک "ڕووداو"یەکی سادە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؛ بەڵکو کارەساتێکی پێکهاتەییە کە کەموکورتییەکی قووڵ لە لۆژیکی دەسەڵاتدارییدا ئاشکرا دەکات. لە سیستمێکدا کە "ژیان" بە "کارکردی ئاسایش" جێگەی دەگرێتەوە، منداڵ لە بوونەوەرێکی شایستەی پاراستنەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک کە بۆ خزمەتکردنی ئامانجە ئەمنییەکان و ئایدیۆلۆژییەکان دەقۆزرێتەوە.
منداڵان رەوانەی کێڵگەکانی مین کراون
ئەم ڕاستییە یەکێک لە تاریکترین بابەتەکانی مێژووی هاوچەرخ دەهێنێتە بەرچاو: شەڕی ئێران و عێراق "١٩٨٠-١٩٨٨" لەو شەڕە وێرانکەرەی هەشت ساڵەدا، بەپێی سەرچاوە سەربەخۆکان و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان و هەرزەکاران ناچار بوون بچنە شەڕەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی خودی ڕژیمی ئێران، نزیکەی ٣٦ هەزار منداڵ لە بەرەکانی پێشەوە کوژراون. بەڵام ئەم ژمارەیە تەنیا بەشێکی کەم لە ڕاستییە بە ئازارەکە نیشان دەدات. گێڕانەوەی نافەرمی و ئیفادەی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژە بەوە دەکەن کە دەیان هەزار منداڵی دیکە ڕەوانەی کێڵگەکانی مین کراون، بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆڵی شەڕکردن و تەنانەت بۆ هێڵی پێشەوە.
ئەم ژمارانە سەرسوڕهێنەرن؛ هەریەکێک لەم منداڵانە بۆ خۆی جیهانێک بوون، منداڵێک کە دەبوو لە خوێندنگەدا بوونایە و داهاتووی خۆیان بونیاد بنایە، نەک لە خەندەق و کێڵگەی میندا بن، حسێن فەهمیدە، ئەو کوڕە ١٣ ساڵەی کە لە گێڕانەوەی فەرمیدا گۆڕاوە بۆ "پاڵەوان"، تەنیا نموونەیەک لەو قوربانیانەیە کە میدیای فەرمی هەوڵی داوە مردنەکانیان لە کارەساتێکی مرۆییەوە بگۆڕێت بۆ هێمای قوربانیدان و شانازی. ئەم "پاڵەوانێتییە" لە بنەڕەتدا، پەرەپێدانی توندوتیژی و پاساوێکی ئایدیۆلۆژییە بۆ مردنی منداڵان- مردنێک کە هیچ چوارچێوەیەکی ڕەوشتی و مرۆیی ناتوانێت بیانوویان بۆ بهێنێتەوە.
نەوەکانی دواتر لەسەر فیلم و چیرۆک و ڕۆمان پەروەردە بوون کە مردنی ئەم منداڵانەیان وەک "شانازییەکی نیشتمانی" پێشکەش دەکرد، بەمەش قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی توندوتیژی و قوربانیدانی منداڵان بۆ ئایدۆلۆژیا چەسپاند، وەک ئەوە وابوو ئەو منداڵە کە دەبوو لە نێوان تەختە ڕەش و تۆپدا هەڵیبژێرێت، ئێستا ناچار بوو لە نێوان مردن و ئایدۆلۆژیادا هەڵبژێرێت. لێرەدا چوارچێوەی ڕەوشتی و یاسایی کۆمەڵگە دەڕووخێت، بەو پێیەی منداڵان لە بابەتی پاراستنەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئامرازی پڕوپاگەندە و ئاسایش.
کاتێک ئەمڕۆ دەستەواژەی "لە هێڵی ئەرکدا" بۆ پێناسەکردنی کوشتنی منداڵێکی ١١١ ساڵان لە خاڵێکی پشکنیندا بەکاردەهێنرێت، ئەم هەوڵە بۆ گۆڕینی کارەسات بۆ قارەمانێتی، هەمان ئەو نەخشەیە بەرهەم دەهێنێتەوە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دووبارە بووەوە، ئەم زمانە لە "سپیکردنەوەی توندوتیژی" زیاتر نییە، چونکە مردنی منداڵ دەکاتە ئامرازێکی پڕوپاگەندە و دوور دەکەوێتەوە لە پرسیارەکانی بەرپرسیارێتی و خراپ بەڕێوەبردن و کەموکورتی پێکهاتەیی.
بەڵام پشت بەستن بە "ئارەزوی منداڵ" بۆ ئامادەبوون لە بازگەکاندا هیچ بەهایەکی یاسایی و ڕەوشتی نییە. هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی دان بە توانای منداڵدا نانێت بۆ بڕیاردانی ئازاد لە بەرامبەر مردندا. بانگەوازکردن بۆ "ئارەزوی منداڵ" تەنها هەوڵێکە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکان، ئەمەش پێکهاتەیەکی تاکڕەوی ئاشکرا دەکات کە منداڵان دەخاتە مەترسییەکی سیستماتیکەوە. ئەم هەڵسوکەوتە ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵە لە تێگەیشتنی دەوڵەت لە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە منداڵان، کە ئاسایش دەبێتە ئامڕازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی سیاسی نەک پاراستنی ژیان.
بەکارهێنانی منداڵان وەک ئامرازێک بۆ "ئاسایش" ئاسایی دەکرێتەوە
ئەم دیاردەیە ڕووداوە گۆشەگیرەکان تێدەپەڕێنێت؛ ئاماژەیە بۆ "ئەمنیکردنی کۆمەڵگا" و چەسپاندنی توندوتیژی لەناو پێکهاتەی حوکمڕانیدا. ئەو منداڵانەی ئەمڕۆ لە بازگەکان وەستاون یان بەشداری چالاکییەکانی بەسیج دەکەن، سبەی جیهانبینییەکی توندوتیژیان هەڵدەگرن و ئەم جیهانبینییە دەبێتە بەشێک لە کولتووری سیاسی کۆمەڵگە- کولتوورێک کە بیرۆکەی بەکارهێنانی منداڵان وەک ئامرازێک بۆ "ئاسایش" ئاسایی دەکاتەوە.
ئەمە هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا سەریهەڵدا: دروستکردنی "پاڵەوانی منداڵ" و بەرهەمهێنانی ئەو نەوە کە قوربانیدانی منداڵان بە شتێکی ئاسایی و تەنانەت پێویستیش دەزانن، لە ڕوانگەی یاساییەوە ئەم دۆخە بەرگری لێناکرێت و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی منداڵان پێکدەهێنێت، بەپێی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ و پرۆتۆکۆڵە هەڵبژێردراوەکانی، هیچ بەرژەوەندییەکی ئاسایشی، سیاسی، یان ئایدیۆلۆژی ناتوانێت پاساو بۆ مەترسی خستنە سەر ژیانی منداڵ ببەخشێت، ئەم پەیماننامانە کە لەلایەن زیاتر لە ١٩٥ وڵاتەوە پەسەندکراون، بەکارهێنانی کەسانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە شەڕی چەکداریدا قەدەغە دەکەن و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بەشداریکردنی منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ لە چالاکییە سەربازییەکان بە تاوانی جەنگ دەزانێت.
کاریگەرییەکانی ئەم ڕێبازە زۆر زیاتر لە ساتەوەختی مردن درێژدەبێتەوە، ئەو منداڵانەی لەم جۆرە ژینگەیانەدا پەروەردە دەکرێن، ئاسایی دەکرێنەوە بۆ توندوتیژی و ئەم ئاساییکردنەوەش مەترسی لەسەر ئایندەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییان دروست دەکات و کاریگەری لەسەر پێکهاتنی کولتووری سیاسی کۆمەڵگە دروست دەکات. کۆمەڵگەیەک کە منداڵەکانی دەنێرێتە گۆڕەپانەکانی ئاسایش و توندوتیژی، لۆژیکێکی تاکڕەوانە لە نەوەکانی داهاتوودا بەرهەم دەهێنێتەوە- لۆژیکێک کە مێژووی مەترسی و وێرانکارییەکەی سەلماندووە.
لە کۆتاییدا بابەتەکە گیان لەدەستدانی تاکە منداڵ نییە، بەڵکو ئەو سیستمەیە کە گیان لەدەستدانێکی لەو شێوەیە مسۆگەر دەکات و دواتر هەوڵی ئاساییکردنەوە، پاساودان، یان تەنانەت شکۆمەندکردنی دەدات. منداڵ لەبری ئەوەی پارێزراو بێت، دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی. ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی پێکهاتەیی دەسەڵاتدارییە: حکومەتێک کە ئاسایش لە پێشینەی ژیانی منداڵ دادەنێت و دەسەڵات لە سەرووی بنەڕەتیترین بنەما مرۆییەکانەوە دادەنێت.