ئێران بەگشتی ٧٦ ساڵ سزای زیندانی بەسەر ١٦ کورددا سەپاند

دادگای شۆڕشی مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای ٧٦ ساڵ و حەوت مانگ زیندانییکردنی بەسەر ١٦ کوردی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاند کە پێشتر دەستبەسەر کرابوون.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆڵبەرنیوز سەبارەت بە شەپۆلی سزاکانی دژ بە چالاکوانانی کورد لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی داوەر ئەحەد سیامی، سزای ٧٦ ساڵ و حەوت مانگ زیندانیی بەسەر ١٦ دانیشتووی ئەو شارەدا سەپاند.

 

تۆمەتەکانی ئاڕاستەکراو بەرامبەر ئەو کەسانە بریتین لە بانگەشە دژ بە ڕژێمی ئێران و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سوودی حزبە کوردییەکان بووە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی بڕیاری دادگا، عەبدوڵا هۆشمەند و عەبدولڕەحمان قووە هەرکامیان بە حەوت ساڵ و مانگێک زیندانی سزادراون، هەروەها ١٢ کەسی دیکەیان لەوانە عەبدوڵا قووە، قادر خەرامانفەر، جەلال سەدەفی، عەلی مەعروفی، ئارام مەبزولە، یوسف تال، ڕێبوار ڕەسوڵی، ئەیوب ڕەسوڵی، عوسمان جیهانیفەر، ڕەحمان دانا، سالار شەمسبورھان و زانیار سەیدئەحمەدی، هەر یەکەیان بە پێنج ساڵ و نازەنین ئەلیاسی بە دوو ساڵ و کەمال مەسعوودی بە پێنج مانگ زیندانیی سزا دراون.

ئەم ١٦ کەسە لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مهابادەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر بۆ گرتووخانەی ورمێ گواسترابوونەوە.

 

ڕاپۆرتەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە تۆمەتباران لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا لە مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.