ئۆپەراسیۆنی ئەمنی کامپی هۆل لە دووەم ڕۆژدا بەردەوامە
ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەی دوێنێ لە کامپی هۆل دەستیپێکرد، ئەمڕۆ لە دووەمین ڕۆژیدا لە بەشەکانی ژنانی داعش و ئاوارەکانی عێراق بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١٨ی نیسان، ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی قەسەدە و یەپەژە، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە کامپی هۆل دەستی پێکرد و ئەمڕۆش ئۆپەراسیۆنەکە بۆ پاککردنەوەی کامپی هۆل و دەوروبەری لە شانەکانی داعش دەستی پێکردووە.
لە بەرەبەیانەوە هێزەکانی ئۆپەراسیۆن دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان کردووە، لە بەشەکانی ژنانی داعش و ئاوارەکانی عێراق تا ئێستاش بەردەوامە.
دوێنێ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆلە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، لەم دواییانەدا چەندین جار هەوڵی ڕفاندنی خێزانەکانی ناو کامپەکە لەلایەن شانەکانی داعشەوە هەبووە، هەروەها دەیان هەڕەشە و لێدان لە خەڵکی کامپەکەش تۆمارکراوە.
جێگای باسە، لە کامپی هۆل کە ٤٥ کم لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکەوە دوورە، ٣٥ هەزار و ٣٢٣ کەسی تێدایە، لەو ژمارەیەش ١٣ هەزار و ١٢٤ کەسیان عێراقین و ١٥ هەزار و ٨٠٥ کەسیان سووریین، هەروەها شەش هەزار و ٣٨٥ کەسیان ژن و منداڵی شانەکانی داعشن.