ئۆپەراسیۆنی "ئاسایشی بەردەوام": ٧٠ داعش دەستگیرکران، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە
لەماوەی چوار ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی "ئاسایشی بەردەوام"دا، ٧٠ ئەندامی داعش دەستگیرکران، هەروەها تەرمی ژنێک کە کوژرابوو دۆزرایەوە، ئەکین زاگرۆس، شەڕڤانی یات باسی لە ئۆپەراسیۆنەکە کرد و ڕایگەیاند، ئەوان لە چالاکییدا دەبن بۆ پاراستنی گەلەکەیان.
عەبیر محەمەد
حەسەکە- ئۆپەراسیۆنی "ئاسایشی بەردەوام" لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئاسایش کە لە ٦ی ئەم مانگە لە کامپی هۆل لە شاری حەسەکە لە کانتۆنی جزیرەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد، بەردەوامە..
لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، ٧٠ ئەندامی چەتەی داعش لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و پشکنینی قەسەدە دەستگیرکران، هەروەها دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گیرا، هەروەها لە چەند کاتژمێرێک پێش خۆرئاوابوون، لە کاتی پشکنینی بەشی کۆچبەران، تەرمی ژنێک لە کامپی هۆڵ دۆزراوەتەوە، بەپێی دانپێدانانی یەکێک لە ئەندامانی باندەکە کە ئەمڕۆ لەلایەن قەسەدە دەستبەسەر کراوە، وا گریمانە دەکرێت کە ئەو ژنە ئەشکەنجە درابێت، جارێکی تر ئامرازەکانی توندوتیژی و ئەشکەنجەدان و بەڵگەنامەی پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر بیرۆکەی توندڕەو دۆزرانەوە.
لە هەمان کاتدا سەرەڕای ئەوەی کە تەلەفۆن لەو بەشەدا قەدەغەیە بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ شانە نووستووەکانی داعش لە دەرەوەی کامپەکە، دەیان تەلەفۆنی شاراوە دۆزرایەوە و دەستیان بەسەردا گیرا، دوێنێ ئێوارە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان لە بەشی موحاجیرات بە سەرکەوتوویی تەواو بوو، وەک ئەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی "ئاسایشی بەردەوام" پلانی بۆ دانابوو، ئۆپەراسیۆنەکە لە بەشەکانی تریش بەردەوام دەبێت.
"مەترسیەکانی بەشی کۆچبەران لە زیادبووندایە"
ئەکین زاگرۆس، شەڕڤانی یەکینەکانی دژە تیرۆر "یات"، کە قسەی بۆ دەزگاکەمان کرد سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە، ڕایگەیاند، پێویستە جیهان ئاگاداری مەترسییەکانی کامپەکە بێت، بەتایبەت بەشی کۆچبەرانی ئایندە، وتی: خەڵک چاوەڕێی کامپی ژنان ناکەن و منداڵان لەوانەیە تووشی ئەم جۆرە خراپەکاریانە ببن، بەڵام ئەمە ڕاستییەکە و ئەم بەشە بە تایبەتی مەترسیدارە، منداڵانی ناو کامپەکە لەسەر پەروەردە و فەلسەفە و ئایینێکی زۆر ڕادیکاڵ و توندڕەو گەورە دەبن، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سەرجەم ئامڕازو کەرەستەی توندوتیژی و ئەشکەنجەدان و بەشێکی زۆریان دۆزرانەوە، لە هەمانکاتدا شارەزایانە تونێل دروست دەکەن و تێیدا خۆیان دەشارنەوە، چەند ساتێک لەمەوبەر خێزانێکمان گرت کە خۆیان حەشاردابوو.
"ئۆپەراسیۆنەکەمان لە چوارچێوەی جددیەتی مەترسییەکانی ناو کامپەکەدایە"
ئەکین زاگرۆس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوان ئەم سیستمە قبوڵ ناکەن و تا ئێستاش بە خەونی "خەلافەت"ی داعش دەژین، هەمیشە دەڵێن ڕۆژێک دێینە دەرەوە و سەرت دەبڕین، بۆیە ئۆپەراسیۆنەکەمانیش لەم جددییەدایە و بەردەوامیش دەبێت، تەنها بۆ هۆڵ نییە، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و سووریا و هەموو جیهانە، ئێمە زۆر بە هەستیاری و پیشەیی لە پرسەکە نزیک دەبینەوە، تا کۆتایی ئەرکی مرۆیی خۆمان جێبەجێ دەکەین، گرنگ نییە چی ڕووبدات، بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکەمان.
ئەکین زاگرۆس دووپاتی کردەوە کە بە هێزەوە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکەیان و لە کۆتاییدا وتی: ئەو سیستمەی لێرە دامەزراوە لەسەر بنەمای توندڕەوی و ئەمەش ئاسان نییە، بۆیە تا ئەو مەترسییە کەم نەکەینەوە، بێگومان ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبن، هەروەها هەوڵدەدەین هەموو جارێک خۆمان بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بە هێزێکی زۆرەوە بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە و هەموو خەڵکی ناوچەکە بپارێزین.