ئەنجومەنی ژنانی سووریا باسیان لە ڕۆڵی ژنان لە سووریای نوێ کرد

پانێڵی ئەنجومەنی ژنانی سووریا جەختی لە سەر پێویستیی نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی ژنان لە ئیدارەی نوێی سووریا کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە ناونیشانی "ڕوانگەی سوورییەکان بۆ داهاتووی سووریایەکی نوێ"، دوێنێ ئەنجومەنی ژنانی سووریا پانێڵێکی وتووێژی لە شاری حەلەب لە شانۆی یەکێتی هونەرمەندان سازکرد.

 

 لە پانێڵەکەدا ٧٥ نوێنەری ژن و پیاوی لایەنە سیاسییەکان و هەروەها زانایانی یاسایی و ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگە ئامادەبوون، کەسایەتییە سەربەخۆکانی سووریاش بەشدارییان کرد، ڕاگەیەندرا کە ئامانجی پانێڵەکە پێشخستنی ڕۆڵی ژنانە لە بونیادنانی سووریایەکی نوێدا.

 

 "پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە"

 پانێڵەکە لەلایەن ڕەوا بەکر، ئەندامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا بەڕێوەچوو،  ڕەوا بەکر لە وتارەکەیدا جەختی لە گرنگی یەکڕیزی گەلی سووریا کردەوە، بەمەبەستی بەشداریکردن لە نووسینی دەستووری نوێی سووریا و بنیاتنانی سووریایەک لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری.

 

"دەوڵەت دەبێت لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل بونیاد بنرێت"

 بەشی یەکەمی پانێڵەکە بەناونیشانی "چەمکی دەوڵەت لە پێکهاتن و سەرهەڵدانیدا" لەلایەن بوشرە حەسەن چالاکوان و ئەندامی کۆمەڵەی بوشرە سیبە، خوێندرایەوە، بوشرە حەسەن سەرنجی بۆ چەمکی دەوڵەت ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە گەل بناغەی دەوڵەتە، هاوکات باسی لەوەشکرد کە ئیرادەیان پێویستی بە نوێنەرایەتی هەیە لە دەوڵەتدا و وتیشی: هەروەها ڕۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری زۆر گرنگە٫ چونکە میدیا نوێنەرایەتی بۆچوونی گەل دەکات.

 

"هەندێک یاسا پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە"

 بەشی دووەم بەناونیشانی "مافی ژنان لە بەرامبەر ململانێ و یاساکان" لەلایەن مەیسا مووەڵدی ئەندامی کۆمەڵەی هیشە تیرەج پێشکەشکرا،؟لەم خاڵەدا سەرنج بۆ فرەژنی و توندوتیژی دژی ژنان ڕاکێشرا، مەیسا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای پێشهاتە یاساییەکان، ماندووبوونێکی زۆر پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە بە کردەوە و بەدەستهێنانی پشتیوانی کۆمەڵگە  و وتی: لە هەمان کاتدا دەبێت یاساکان بگۆڕدرێن و جیاکاری لەناو کۆمەڵگەدا نەهێڵرێت.

 

 "ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هۆشیاری هەیە"

 پانێڵستەکان چەندین بابەتیان تاوتوێ کرد و بۆچوونەکانیان خستەڕوو، لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوەدرا کە یەکگرتوویی گەلان بە یەکگرتوویی ژنانیشەوە دەتوانرێت بخرێتە ناو دەستووری نوێی سووریا و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی دابمەزرێندرێت، بەشداربووان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هۆشیاری هەیە.