ئەنجومەنی ژنان: پێویستە ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی هەراسانکردن دەستپێبکرێت
ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەراسانکردنی پۆلیس لە کاتی چالاکییەکانی ناڕەزایەتیدا دەرکرد و ڕایگەیاند، پێویستە ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی هێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەستپێبکرێت کە ڕێنمایییان پێداون.

ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەل "دەم پارتی" سەبارەت بە هەراسانکردنی پۆلیس کە لەکاتی چالاکییەکاندا بۆ شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ ڕوویدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ژنانەی لەسەر شەقام داکۆکییان لە مافە دیموکراسییەکانیان دەکرد، لەلایەن پۆلیسەوە تووشی توندوتیژی و هەراسانکردن دەکرێن، گەڕانی بێجلوبەرگ بەسەریاندا سەپێندراوە، مافەکانیان پێشێلکراوە.
سیاسەتی زایەندپەرستی نیشان دەدات
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە توندوتیژی پۆلیس ڕەنگدانەوەی سیاسەتی پیاوسالاری و یەکتاپەرستی و زایەندپەرستییە و ئاماژە بەوە کراوە کە ناتوانن لە ڕێگەی فشار و دەستبەسەرکردن و توندوتیژیەوە خەباتی ژنان ڕابگرن، ئەو توندوتیژییەی جەستەی ژنان دەکاتە ئامانج، نیشانەی یاسای دوژمنکارانەیە دژی ژنان.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا کرا کە ئەو ژنە دەستبەسەرکراوانە ئازاد بکرێن و ڕێکاری یاسایی لەدژی ئەو هێزە ئەمنییانە دەست پێبکرێت کە تاوانی دژ بە ژنانیان ئەنجامداوە و ڕێنمایییان داوە.