ئەنجومەنی عشتار: تاكە ڕێگەی پاراستن ڕێکخستنبوونە

بە زیادبوونی هێرش و توندوتیژی سەر ژنان، ئەنجومەنی عشتار لە کامپی پەنابەرانی مەخموور تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بێ ئازادی ژنان کۆمەڵگە ئازاد نابێت، بانگەواز لە ژنان کرا کە لە دژی توندوتیژی و نادادپەروەری ببنە یەک.

مەخموور

 

لەم دواینانەدا هێرش و توندوتیژی سەر ژنان، پێشێلکارییەکانی بەرانبەر ماف و ژیانیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن، بەگوێرەی ئامارەکان هێرشەکانی جەستەیی، دەروونی لەگەڵ کوشتنەکان بە ناوی "شەرەف" یان لەبەر پیاوسالار، بوون بە کێشەی قووڵی کۆمەڵایەتی، ئەم شەپۆلە بە تایبەتی لە سەر ئازادی و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان فشارێکی گەورە دروست دەکات.

 

لە بەرامبەر ئەم بەرزبوونەوەی توندوتیژییە، ئەنجومەنی عشتار لە کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی بە لێدوانێک کاردانەوەی توندی نیشانی کۆمەڵکوژیی ژنان دا، لە لێدوانەکەدا ڕاگەیاندرا کە کۆمەڵگە تەنیا بە هەڵوێستێکی ڕێکخراو دەتوانێت لە بەرامبەر ئەم هێرشانە ڕاوەستێت و بانگەواز لە هەموو ژنان کرا کە لە دژی توندوتیژی تێکۆشانێکی هاوبەش پێش بخەن.

 

راگەیاندراوەکە بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی عشتار، لە بەردەرگای ئەنجومەنەکە درا، پێش خوێندنەوەی لێدوانەکە، بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ئازادی کوردستان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن ئەنجام درا، دوای ڕێزگرتنەکە، لە سەر ناوی ئەنجومەنی عشتار، لێدوانەکە لە لایەن ئامارە بولوتەوە خوێنرایەوە.

 

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:

لەم دواییانەدا زیادبوونی ژمارەی کوشتنی ژنان لە جیهاندا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، ئێمە وەک ئەنجومەنی عشتار دەڵێین تاوانی دژ بە ژنان تەنیا ڕووداوی کەسی یان ئاسایی نییە، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و قوڵبوونەوەی قەیرانەکان و دەرئەنجامە وێرانکاریەکانی شەڕی ئێستاوە هەیە، دەبینین لەم دواییانەدا ناوچەکە لە ناو شەڕ و ململانێ و مەترسییە گەورەکاندا بووە بۆ دەوڵەتەکان، سەنگەر، کولتووری توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا قووڵتر دەکاتەوە و هۆشیاری بکوژی کاستیک و کولتووری سێکسیزم بەهێزتر دەکات، کاتێک گرژییە سیاسییەکان زیاتر دەبن، ئاسایشی کۆمەڵایەتی ناپارێزرێت و ژنان قورسترین باجی ئەمە دەدەن، دەبنە ئامانج، هەروەها دەبینین لە سەردەمێکدا کە لە لایەک گفتوگۆ و گەڕان بەدوای ئاشتیدا بەڕێوەدەچێت، لە لایەکی دیکەوە قووڵبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ڕێکەوت نییە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەیە کە کولتووری شەڕ لە کۆمەڵگەدا بڵاودەکەنەوە.

 

دەوڵەت بە سیاسەتی بێسزای بکوژان دەپارێزێت

شەڕەکان کە لە لایەن دەوڵەتانەوە بەڕێوە دەچن، رێگری لە دادپەروەری دەکەن، چەکەکان لە ناو کۆمەڵگەدا رەوا دەکەن و توندوتیژی دەکەنە نۆرمێکی ڕۆژانە، دەبینین کە کاتێک گفتوگۆی ئاشتی دەکرێن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتدار و بکوژ کۆنترۆڵی خۆیان لە دەست نەدەن لە سەر کۆمەڵگە، هێرشەکانیان لە بەرامبەر ژنان زیاتر دەکەن، دووبارە بێسزاهێشتنەوە، بێدەنگی لە بەرامبەر تاوانباران و نەبوونی یاساکانی پاراستن، ڕێگا بۆ تاوانباران خۆش دەکەن کە بە ئاسوودەیی درێژە بدەن بە  تاوانەکانیان، لەگەڵیشیدا، پیاوسالاری تەنیا بە گۆڕینی یاساکان ناگۆڕدرێت.

 

ڕێگەی چارەسەری پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئایکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژنانە

یاسایەک بەبێ ئازادی ژن هیچ واتایەکی بۆ کۆمەڵگە نابێت، چونکە ڕێبەر ئۆجالان لە نێو ئەو هەموو قەیران و شەڕانەی داگیرکاری و جینۆساید لەسەر کۆمەڵگەکان و لە نێویاندا پرۆسەی ئاشتی دەستپێکرد و لە نێویاندا ئازادی ژنانی وەک بنەمایەک بۆ نەهێشتنی هەموو خراپە و کێشەکان دەستنیشان کرد،هەروەها ڕایگەیاند، چارەسەری بنچینەیی لە بەرامبەر ئەم قووڵبوونەوەی توندوتیژی و شەڕدا بە پەرەپێدانی پارادایمی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی و ئازادیخوازی ژنان دەبێت.

 

ئێمە وەک ئەنجومەنی عشتار بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنین کە دەنگی خۆمان لە دژی سێکسیستەکان و ئەو توندوتیژییە بەرز دەکەینەوە کە لە ماڵ و شەقامەکاندا بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان، بەرخۆدانمان بەهێزتر دەبێت، دەڵێین ژنان زیانبەرکەوتوو نین، بەڵکو دەسەڵاتی ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەیان هەیە، خەبات و ڕێکخستنی ژنان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئەقڵیەتی مرۆڤکوژان و شەڕخوازان، دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی” ئەمڕۆ لە هەموو گۆشەکانی جیهاندا بووەتە سیمبولی بەرخۆدان، لەسەر ئەو بنەمایە تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی خەبات بۆ یەکڕیزی ژنانی ئازاد بە گیانی ”ژن، ژیان، ئازادی” و بەردەوام دەبین تا سەرکەوتنێکی شکۆمەندانە.

 

ڕاگەیانراوەکە بە دروشمەکانی ”بژی ڕێبەر ئۆجالان و ”ژن، ژیان، ئازادی” کۆتایی هات.