ئەنجامنامەی " پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد-باشووری کوردستان بە ١٥ خاڵ راگەیەندرا
دوایی کۆتایی هاتنی وۆرکشۆپی "پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد- باشووری کوردستان" ئەنجامنامە ڕاگەیەندراو جەخت لەوەکرایەوە کە بەشداری ژنان لەم یەکێتییە نەتەوەییەدا، تێکۆشان دەبێت بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری.

سلێمانی
ئەمڕۆ ٥ی تەمووز، لە هۆڵی کتێبخانەی تەواری شاری سلێمانی، وۆرکشۆپی "پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد- باشووری کوردستان" بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، هونەرمەندان و نووسەران بەڕێوەچوو.
دوایی کۆتایی هاتنی وۆرکشۆپەکە کە ژنانی سیاسەتمەدار، چالاکوانانی بواری ژنان، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی سەربەخۆ تێیدا ئامادە بوون، ئەنجامنامە بڵاوکرایەوە کە ١٥ خاڵ لەخۆدەگرێت.
ئەنجامنامەی "پلاتفۆرمی یەکێتی نەیەوەیی ژنی کورد- باشووری کوردستان" بەم شێوەیەیە:
ڕاسپاردە
١-بۆ قۆناغی داهاتوو زۆرینە کۆکن لەسەر ئەنجامدانی کۆنفرانس.
٢-لە ئێستادا بە قۆناغێکی ڕزگاریی و نەتەوەییدا تێدەپەڕین، پێویستە بە فیکرێکی نەتەوەییانە کاربکەین، ئیتر ئەندامەکان سەر بە هەر جۆرە ئایدیۆلۆژیا و پارتێکی سیاسی بن.
٣-بەردەوام بوونی پلاتفۆرمەکە لەکار و چالاکییەکان بێ دابران.
٤-جگە لە خواستی لەیەکڕیزی نەتەوەیی ماڵی کورد، پێویستە ژنان بیر لە یەکڕیزی خۆیان بکەنەوە و بەو هۆشیارییەوە کاربکەن، واتە دەبێت ژنان سەرکردایەتی ئەم قۆناغە بکەن، کار بۆ بەهێزکردنی ژنان بکرێت، بۆ ئەوەی لە بواری سیاسیدا بەشداری کارایان هەبێت و بە توانای خۆیان بەشداری سیاسی بکەن.
٥-ئیش کردن لەسەر بڕگەو ماددەی ئەو یاسایانەی دژ بە ژنانە، زۆرجار بەناوی یاساوە ڕستەوخۆ توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکرێت و دەچەوسێندرێتەوە.
٦–پێویستە ژنان بە یەکگرتووی بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن، تاکو بەهێزەوە بەشداری لەم قۆناغە مێژووییەدا بکەن و ئامادەسازی باشتر بکەن بۆ کۆنفراسی ژنانی باشوور و دواتریش بۆ کۆنگرەی (سێ) ی یەکیتی نەتەوەیی ژنی کورد. یەکریزی ژنی کورد دەتوانێت هەنگاوێکی بەهێزو کاریگەر بێت بۆ کارکردن لەسەر دەرەنجامە سیاسییەکانی ئەم قۆناغە مێژووییە.
٧-پێویستە ژنان لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژیی و کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیەکان، خۆیان لە هەموو ئایدیا چەقبەستووییەکان دەرباز بکەن، دەبێت بایەخ بە هۆشیاری جەوهەری بدەن و بە ئازادیی بیر بکەنەوە و تێکۆشان بکەن.
٨-بەشداری ژنان لەم یەکێتیە نەتەوەییەدا، تێکۆشان دەبێت بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری جیهانی، کە هەژموونی ئەم هێزە کۆلۆنیالیزمە داگیرکاریە بەرامبەر بە کورد، لە ئایندەدا زیاتر کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەردەکەوێت، لە ناویشیاندا زیاتر هەژموونەکان ڕووی لە ژنان دەبێت و کێشەکانی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەوە زیاتر هەڵدەکشێت.
٩- بەتواناکردنی ژنان و کارکردن لەسەر هۆشیاری ژنان و هۆشیارکردنەوەی پیاوان لە ماف و ئازادییەکانی ژن، داماڵینی هزریپیاوسالاری سەرمایەداریی سێکسگەرایی لە بەرامبەر بەکاڵاکردنی ژن،
١٠-هەڵبژاردنی ژنان بۆ نوێنەرایەتی کردن، پیویستە زیاتر لەلایەن ژنانەوە بێت.
١٢-زۆرترین ژن بە گوێرەی ئەزمون و لێهاتووی بەشداریان پێ بکرێت لەم پلاتفۆڕمەدا.
١٣-ژنان هەوڵبدەن بە کردەیی فشار لەسەر حیزبەکان دروست بکەن، کە بەیەکگرتووی هەنگاوی کاریگەر بنێن؛ بۆ دروست کردن و پێکهێنانی یەکێتییەکی دیماکراتی نەتەوەیی کورد.
١٤-بایەخدان بە دروست کردنی ئینستیتۆیەک بۆ داهێنان و کارکردن لەسەر بەتواناکردنی ژنان، لە کایەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا.
١٥- پێویستە گرنگی بە بابەتی ژینگەو سروستی ناوچەکەمان بدرێت، لە بەرنامەی کۆنفرانسی باشوور و لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەش بابەتی ژینگە وەک کێشەیەکی جیهانی سەیر بکرێت، چونگە ڕەوشی ژینگە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و تەندروستی و دۆخی بایۆلۆژی و وزەی کارکردنی ژنەوە هەیە.
١٦-پێویستە گرنگی بەو توێژینەوەو لێکۆڵینەوانە بدرێن، کە لە هەموو ڕوویەکەوە (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، مێژوویی،،هتد) هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی فرە لایەنی تێدایە بۆ دۆخی ژن لە کۆمەڵگەکەماندا.