ئەنجامنامەی بیستەمین کۆنفرانسی EUTCC ئاشکرا کرا
لە ئەنجامنامەی بیستەمین کۆنفرانسی EUTCC، داوا بۆ ئازادیی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، دامەزراندنی بنەما یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتی و بەشداریی یەکسانی ژنان لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکەدا کرا.
ناوەندی هەواڵ – ئەنجامنامەی بیستەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی «یەکێتیی ئەورووپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد» کە لەلایەن کۆمسیۆنی هاووڵاتیانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا (EUTCC) لە ١٤ و ١٥ی تشرینی یەکەم لە پەرلەمانی ئەورووپا لە شاری برۆکسڵ، پایتەختی بەلجیکا، بەڕێوەچوو، ئاشکرا کرا.
لە ئەنجامنامەی ئەو کۆنفرانسەدا، کە بە هاوکاریی گروپی چەپ، هاوپەیمانی سەوزەکان/ئازادیی ئەورووپا (GREENS/EFA) و هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیست و دیموکراتەکان (S&D) بەڕێوەچوو، ٢٠ داواکاری بۆ ئاشتی و دیموکراسی ڕیزکران. لە ئەنجامنامەکەدا کە تێیدا ئاماژە بە سەرکەوتوویی کۆنفرانسەکە کراوە، جەخت لەوە کرایەوە کە ئەرک و ئامانجی EUTCC، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ سەیرکردنی ڕەخنەگرانەی پرۆسەی بەشداریی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا دامەزراوە، هێشتا گرنگیی خۆی پاراستووە.
٢٠ داواکاری بۆ ئاشتی و دیموکراسی
لەبەر ئەوە، EUTCC بانگی یەکێتیی ئەورووپا، وڵاتانی ئەندام، ئەنجومەنی ئەورووپا و دامەزراوەکانی تورکیا کرد کە ئەم ٢٠ هەنگاوەی خوارەوە بنێن:
١. گەیشتن بە ئاشتی لە ڕێگەی دیالۆگی سیاسییەوە: پێویستە پرۆسەی ئاشتی پشت بە گەرەنتییە یاسایی و دیموکراتییەکان ببەستێت و بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
٢. کۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئیمڕاڵی: پێویستە پەیوەندی و گەیشتن بە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەبێ هیچ بەربەستێک مسۆگەر بکرێت.
٣. ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: پێویستە مافە بنەڕەتییە سیاسی، یاسایی و ڕاگەیاندنییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بێ دواخستن بناسرێن. بەشداریی ئازادانەی ئەو لە پرۆسەی ئاشتی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بنەماییە.
٤. جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ: پێویستە تورکیا هەموو بڕیارەکانی دادگای ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش مافی هیوا، بە تەواوی و بەبێ دواخستن جێبەجێ بکات.
٥. لابردنی PKK لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپا: بۆ بەهێزکردنی پرۆسەیەکی ئاشتیی هەمیشەیی، پێویستە یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دانانی PKK لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دووبارە هەڵبسەنگێنێتەوە و ڕێکخراوەکە لە لیستەکە دەربکات.
٦. دامەزراندنی بنەما یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتی: پێویستە حکومەت و پەرلەمانی تورکیا بە پەلە بنەما دەستووری و یاساییە پێویستەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی هەمیشەیی دابمەزرێنن.
٧. ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان: پێویستە ئەو کەسانە ئازاد بکرێن کە بەهۆی چاڵاکییە سیاسییەکان، کاری ڕۆژنامەنووسی یان بەرگری لە مافەکانی مرۆڤەوە کەوتوونەتە بەر لێکۆڵینەوە یان زیندانی کراون.
٨. پاراستنی حیزبە دیموکراتییەکان: پێویستە مافی ڕێکخستنەوەی سیاسی و نوێنەرایەتیکردن لە پەرلەمان مسۆگەر بکرێت. نابێت حیزبەکان بە ڕێگەی قەدەغەکردن، لێکۆڵینەوەی تاوانکاری یان ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە لە مەیدانی سیاسی دوور بخرێنەوە.
٩. کۆتاییهێنان بە دیاریکردنی قەییوم: پێویستە ئەو شارەوانانەی بە ڕێگەی دیموکراتی هەڵبژێردراون، بە ئازادی بگەڕێنرێنەوە سەر پۆستەکانیان و کۆتایی بە سیستەمی دیاریکردنی قەییوم بهێنرێت.
١٠. بەهێزکردنی سەروەریی یاسا: پێویستە سەربەخۆیی دادوەری، مافی دادگایی دادپەروەرانە، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دادگا و دادستانییەکان دووبارە بنیاد بنرێنەوە.
١١. چاکسازیی دیموکراتیی دەستوور: بۆ مسۆگەرکردنی یەکسانیی هاووڵاتیانی تورکیا، پاراستنی فرەڕەنگیی کۆمەڵگا و مافە زمانی، کەلتووری و سیاسییەکانی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، پێویستی بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دیموکراتیی نوێ هەیە.
١٢. ناسینی کوردان وەک هاووڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان: پێویستە زمان، ناسنامە و کەلتووری کورد بە تەواوی بناسرێن و بپارێزرێن. چارەسەری هەمیشەییی کێشەی کورد تەنها لەسەر بنەمای یەکسانی دەکرێت بەدەست بێت.
١٣. ژنان وەک هێزی سەرەکیی ئاشتی: پێویستە ژنان بە شێوەیەکی یەکسان لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیدا بەشدار بن. کۆنفرانسەکە بە تایبەتی ڕۆڵی بنەڕەتیی ژنانی کورد لە جووڵانەوە دیموکراتی و ئاشتیخوازەکانی ناوچەکەدا دەستنیشان دەکات.
١٤. پاراستنی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا: پێویستە ڕۆژنامەنووسان، ئەکادیمییەکان، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و دامەزراوە مەدەنییەکان بتوانن بە دوور لە گوشاری دەوڵەت کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.
١٥. کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکان: پێویستە تورکیا کۆتایی بە بوونی سەربازیی خۆی لە سوریا و هەرێمی کوردستانی عێراق بهێنێت و ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرێت.
١٦. چارەسەری دیموکراتی بۆ سوریا: یەکێتیی ئەورووپا پشتگیریی پرۆسەیەکی سیاسی بۆ سیستەمی سیاسیی داهاتووی سوریا دەکات کە فرەڕەنگی و بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بناسێنێت و مسۆگەر بکات.
١٧. ناسینی کوردان وەک لایەنی سیاسی: یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی دەبێت لە هەوڵەکانی گەڕان بەدوای ئارامی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردان و نوێنەرە سیاسییەکانیان وەک لایەنی سیاسیی ڕەوا بەشدار بکەن.
١٨. سیاسەتی نوێی ئەورووپا بەرامبەر تورکیا: نابێت یەکێتیی ئەورووپا بەرژەوەندییەکانی لە بواری کۆچبەری، بازرگانی، ئاسایش و وزەدا بخاتە پێش مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی. پێویستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بە مەرجی پێشکەوتن لە بواری سەروەریی یاسا، مافەکانی مرۆڤ و بەشداریی دیموکراتییەوە ببەسترێنەوە.
١٩. کراوەهێشتنەوەی هەلی ئەورووپایی: EUTCC جارێکی تر پشتڕاستی دەکاتەوە کە پێویستە تورکیا بە شێوەیەکی دیموکراتی خاوەنی داهاتوویەک لە ئەورووپا بێت. بوونی دیدگایەکی باوەڕپێکراو بۆ ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت ببێتە هێزێک بۆ چاکسازی، ئاشتی و دیموکراتیکبوون.
٢٠. پشتگیریی ئەورووپا لە ئاشتی و دیموکراسی: EUTCC بە بۆنەی بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی، بانگ لە یەکێتیی ئەورووپا و ئەنجومەنی ئەورووپا دەکات کە پشتگیری لە هەوڵێکی نێودەوڵەتیی فراوان بکەن بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا، دیموکراسی و ئاشتی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.