ئەندامانی ماڵی ئێزیدی: هەموو ژنانی ئێزیدی ڕزگار دەکەین

ئەندامانی ماڵی ئێزیدی حەسەکه دووپاتیان کردەوە، ئەو ژنە ئێزیدیانەی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگاریان بووە بە مەبەستی پاراستنی خۆیان و ناسنامەیان بەشدارییان لە ئاوەدانکردنەوەی شەنگال کردووە.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، بە هەزاران ژنی ئێزیدی بۆ شارەکانی ڕەققە و موسڵ ڕفێندران و فرۆشران، کۆمەڵکوژی شەنگال کە فەرمانی ٧٤ی ئێزدییەکانە، تا ئەمڕۆش سەدان ئێزیدی بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە، دەیان ژنی ئێزیدی بەهۆی مەترسی بۆ سەر ژیانیان ناتوانن ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن و تا ئێستاش لە کامپی هۆڵدا دەمێننەوە.

 

"سەرەڕای ئەو هەموو فەرمانانەی دژی ئێزدییەکان کراوە، گەلی ئێزدی خۆیان ڕێکخست"

نالین ڕەشۆ، بەڕێوەبەری ماڵی ئێزیدییەکان لە کانتۆنی حەسەکە-جەزیرە، لە ساڵیادی فەرمانی ٧٤ وتی: ڕۆژی٣ی ئاب یادی فەرمانی ٧٤ە لە دژی گەلی ئێزدی، داعش کردەوەی دڕندانەی دژ بە گەلی ئێزدی ئەنجامدا، ئامانجی چەتەکانی داعش لەناوبردنی ناسنامەی گەلی ئێزدی و ئاینەکەیان بوو، ئەو فەرمانەی دژی ئێزدییەکان دژی هەموو کوردەکان بوو.

 

"دەوڵەتی تورکیا هاوکاری داعشی کرد"

لە درێژەی قسەکانیدا، نالین ڕەشۆ باسی لە بەرخۆدانی خەڵکی شەنگال کرد لە دژی ئەو فەرمانە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: فەرمانەکانی دژ بە ئێزیدییەکان نەبووە هۆی ڕێگری لە بەرخۆدانی گەلی ئێزیدییەکان، بە پێکهێنانی سوپایەکی تایبەت بە ناوی هێزەکانی پاراستنی شەنگال و هێزەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال خۆیان ڕێکخست، هەروەها کۆمەڵێک ناوەندی خزمەتگوزاری و ئەنجومەنیان دامەزراند، گەلی ئێزیدی زانی کە ئەگەر خۆیان نەپارێزن کەس نایانپارێزێت، هەر بۆیە یەکڕیزی کلیلی سەرکەوتنیان بوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاوکاری داعشی کرد لە هێرشەکەی دژی شەنگال، ئامانجی لە ناوبردنی شوناس و بوونی گەلی ئێزیدی و قڕکردنیان بوو.

 

"ژن لە ئایینی ئێزدیدا پیرۆزە"

نالین ڕەشۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنان لە ئایینی ئێزدیدا پیرۆزن، کولتوورو نەتەوە و ئاین دەپارێزن و یارمەتی گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەیان دەدەن، هەر بۆیەش ژنان ڕووبەڕووی خراپترین شێوەی دڕندەیی و ستەمکاری بوونەتەوە و فرۆشراون لە بازاڕەکاندا، تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژنی ئێزیدی نادیارە ئەو ژنانەی کە ڕزگار کران پەیوەندییان بە هێزەکانی پاراستنی شەنگالەوە کرد و لە هەمان کاتدا ژنانی ئێزیدی سەلماندیان کە سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و چەوساندنەوەیە لە دژی ئەوان، دەتوانن جارێکی تر لەسەر پێی خۆیان بوەستن، پێویستە گەلی ئێزیدی بزانێت چ ڕێککەوتنێک لەبارەیانەوە دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان ڕێکبخەن.

 

"ئێمە شەو و ڕۆژ کاردەکەین بۆ ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدی"

هەیا ڕەشۆ، ئەندامی ماڵی ئێزدییەکان لە حەسەکە باسی لە ساڵیادی ئەو فەرمانە کرد و وتی: ئەمڕۆ ١٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی شەنگال یان فەرمانی ٧٤ە، هەزاران کۆمەڵکوژی دژی گەلی ئێزدی ڕوویداوە، زۆرێک لە کۆمەڵکوژییەکان لە مێژوودا تۆمار نەکراون، فەرمانی کۆتایی هیچ جیاوازییەکی نەبوو لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکانی دیکە، لەبەرچاوی هەموو دونیادا ڕوویدا بەبێ ئەوەی دەنگێکی ناڕەزایی ببیسترێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، شەو و ڕۆژ کار بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنە ئێزیدییە ڕفێندراوانە و ڕزگارکردنیان دەکەن، ماڵی ئێزدییەکان کار لەسەر ڕزگارکردنی ئەو ژنە ڕفێندراوانە و ئەو کەسانە دەکات کە تا ئێستا لە کامپی هۆڵدان، تا ئەمڕۆش ٤٣٠ ژنی ئێزیدی ڕزگارکراون.

 

"ژنانی ئێزدی لە کامپی هۆڵ ڕزگار دەکەین"

لە کۆتایی قسەکانیدا هەیا ڕەشۆ باسی لە ژنانی ئێزیدی کرد کە لە کامپی هۆڵدا دەژین و جەختی لەسەر قسەکانی خۆی کردەوە و وتی: زۆربەی ئەو ژنانە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و ئێستا لە کامپی هۆڵدان، ئێستاش نازانن بە زمانی دایکیان قسە بکەن و لە تەمەنێکی گەنجیدا هاوسەرگیریان کردووە، ئەوان وەک کۆیلە بۆ داعش و بنەماڵەکانیان کار دەکەن، بەڵام دوای ڕزگارکردنیان لەگەڵ ڕاستی نوێی خۆیان دەژین و لەگەڵ خێزان و دەوروبەریان پەیوەندی دەکەن، ئێمە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە، دانوستان دەکەین بۆ ڕزگارکردنی هەموو ژنانی ئێزیدی لە کامپی هۆڵ.