یەمەن؛ خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە غەززە و ڕەتکردنەوەی بێدەنگی نێودەوڵەتی
لە وەڵامی بانگەوازی لایەن و گروپە سیاسی و مەدەنییەکان، شاری تەعزی یەمەن شاهیدی خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بوو کە شەڕی غەززەی شەرمەزار کرد و ئەو تاوانانەی کە لە دژی هاوڵاتی مەدەنی ئەنجام دراون شەرمەزار کرد.

ڕانیە عەبدوڵا
یەمەن- ژنانی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە تووڕەیی خۆیان بەرامبەر تاوانەکانی هێزەکانی ئیسرائیل و بێدەنگی نێودەوڵەتی دەرببڕی، داوای بایکۆتی بەرهەمەکانی ئیسرائیل و فشار خستنەسەر وڵاتان بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی توندیان کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٩ی نیسان لە شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجامدرا بۆ بەتاوانکردنی شەڕ و جینۆساید، کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ەوە لە کەرتی غەززە ئەنجامیانداوە.
ئەم خۆپیشاندانە لە وەڵامی بانگەوازی لایەن و پێکهاتە سیاسی و مەدەنییەکانی شاری تەعزی یەمەن بوو، بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە توڕەیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر ئەوەی لە فەلەستین و بەتایبەتی لە غەززە دەگوزەرێت، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە بێدەنگی شەرمەزاری نێودەوڵەتی و عەرەبی و بێهەڵوێستی دەسەڵاتداران نیشاندا.
ڕێپێوانکەران لافیتە و پۆستەریان بەرزکردبووەوە کە تاوانکارییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل و مافی گەلی فەلەستین بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ و ئازادییان شەرمەزار دەکرد.
ژنان و چالاکوانانی ڕێپێوانەکە داوایان کرد فشار بخرێتە سەر زلهێزەکان بۆ ئەوەی هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەو تاوانانەی لە کەرتی غەززە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێن، هەروەها بایکۆتی ئابووری بۆ بەرهەمە ئیسرائیلییەکان و ئەوانەی پشتیوانیان دەکەن جێبەجێ بکرێن. هەروەها داوایان لەو وڵاتانەش کردووە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە، هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن.
ئەنسام ئەحمەد، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە، وەک هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی کەرتی غەززە،دڵتەنگی خۆی بە ئازارەکانی دانیشتوانی کەرتی غەززە دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستیی هەنگاونان و هەڵوێستی جددی دەسەڵاتداران بۆ کۆتاییهێنان بەم کارەساتە کردەوە.
ڕەئوفە شەرجبی جەختی کردەوە کە ئەوان پشتگیری لە دۆسیەی فەلەستین دەکەن، ئەمە پرسێک نییە کە تەنیا پەیوەندی بە گەلی فەلەستینەوە هەبێت،بەڵکو پرسێکی مرۆییە کە هەموو جیهان جێگەی دەگرێتەوە و ئەرکی هەمووانە هاوسۆزی ڕابگەیەنن و بڵێن "ئێمە هەموومان فەلەستینین".
فاتیمە حەجەر، مامۆستای قوتابخانەیەکی حکومی لەو شارە، وتی، "ئەرکی گەلە هەڵوێستێکی پتەو و یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ فشارخستنە سەر حاکمەکانیان بۆ دەرکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە خەڵکی غەززە ئەنجام دەدرێن". ئەو جەختی لەسەر پێویستی دادگاییکردنی هێزەکانی ئیسرائیل کردەوە بەهۆی ئەو شەڕە قڕکردنەی کە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی ناوچەکە ئەنجامی دەدەن.
هێزەکانی ئیسرائیل لە مانگی ئاداری ڕابردوودا دڕندەییەکانی خۆیان لە کەرتی غەززە دەستپێکردەوە و ژێرخانی کەرتی غەززەیان لەناوبرد و هاوڵاتیانی مەدەنی و ژن و منداڵانی کوشت. بەپێی ئاماری نووسینگەی ناوەندی ئاماری فەلەستین، ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای شەڕی غەززەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٥١ هەزار هاوڵاتی و زیاتر لە ١٢٠ هەزار بریندار و دوو ملیۆن ئاوارە و ١٨٠ هەزار هاوڵاتیش دەستگیرکراون. ژمارەی ئەو بینایانەی کە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی بەردەوامدا زیانیان بەرکەوتووە، گەیشتووەتە زیاتر لە ١٧٠ هەزار بینا.