”ئەمانەوێت بە ئیرادەی خۆمان لەناو هێزەکانی عێراقدا بناسرێین”
ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی سەر چیای شنگال کرد بەبۆنەی ڕاگەیاندنی پەیوەندیکردنی هێزەکانی یەبەشە-یەژەشە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە، دیارییان کرد کە ئەم هەنگاوە سەرەتایەکە و دەڵێن: ئەمانەوێت بە ئیرادەی خۆمان لەناو هێزەکانی عێراقدا بناسرێین.
شنگال
ئەمڕۆ، دوای ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە لە نێوان شنگال و بەغدادا بەردەوام بوون، لە سەر چیای شنگال بە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش ڕاگەیاندرا کە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێکردووە.
ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق، لە نێویاندا پارێزگاری نەینەوا، هەروەها ئەندامانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە)، نوێنەرانی کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال، نوێنەرانی هاوپەیمانیی ئێزدی و دایکانی شەهیدان، بەشدارییان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا کرد، لە ڕێوڕەسمەکەدا هەم ڕاگەیاندراوی یەبەشە-یەژەشە و هەم ڕاگەیەندراوی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە جیا خوێندرانەوە.
لە ڕاگەیاندراوی فەرماندەیی یەبەشەدا ڕاگەیاندرا کە هێزەکانی یەبەشە-یەژەشە لەگەڵ چوار هەزار و ١٦٥ شەڕڤانی خۆیاندا بەشداری لە سیستمی ئاسایشی فیدراڵیدا دەکەن، کە ئەم هەنگاوە دەبێتە زەمینەیەکی بەهێز لە هاوبەشیی نیشتمانی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدا.
ئاماژە بەوە کرا، کە پاراستنی مافی شەڕڤانان، پاراستنی کەرامەتی شەهیدان، ئاسایشی شنگال، دەستەبەرکردنی ماف و ناسنامەی گەلی شنگال وەک مەرجی جێبەجێکردنی ئەم ئەنتیگراسیۆنە دەستنیشان کراوە.
ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کردبوو، بۆ ئاژانسەکەمان دوان.
”ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە”
دایە خۆخێ، دایکی شەهید ڕوونیکردەوە، کە ماوەیەکی درێژە ئامادەکاری بۆ ئەم ڕۆژە دەکرا و وتی: ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە، هێشتا گفتوگۆکانمان بەردەوامن، هەر هەنگاوێک بنرێت، پێکەوە دەنرێت، ئێمە هێزێکی گەورەین، بۆیە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت، بە یەکبوونی هەردوو هێزەکە، پاراستنی گەل دەستەبەر دەبێت، تا ئەو کاتەی ئەنتیگراسیۆن تەواو نەبێت، ناتوانین بڵێین پرۆسەکە سەرکەوتوو بووە، ئەمە سەرەتایەکە، ئەو پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت.
”هەموو شەڕڤانانی یەژەشە بەشدار دەبن و ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن”
فەرماندەی یەژەشە و یەبەشە ڤیان هەبابی ڕایگەیاند، کە یەژەشە لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا خاوەن گرنگییەکی گەورەیە و پاراستنی هەموو گەلی ئێزدی و ژنان دەکات و وتی: بۆیە ئەرک و میسیۆنی یەژەشە زۆر گرنگە، بەشێکی یەژەشە بەشدار لە ناو هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا دەکات و بەشێکیشیان دەمێننەوە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین هیچ یەک لە شەڕڤانانی یەژەشە بێ ئەرک نەهێڵینەوە، هەموو شەڕڤانانی یەژەشە بەشدار دەبن و ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، هەروەها وەک کۆمەڵگەی ئێزدی ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینن و وتی: ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی تێکۆشان و ماندووبوونێکی گەورەمان دا، ئەمەش ئەنجامەکەیەتی ئێمە لەبەر بڕواکەمان گەلێک جار ڕووبەڕووی فەرمان بووینەوە، وەک کۆمەڵگەی ئێزدی دژی مرۆڤەکانی تر نین، دەمانەوێت لە کوشتن و کۆمەڵکوژی ڕزگارمان ببێت و هەموو گەل پێکەوە بژین.
”ئەمانەوێت بە ئیرادەی خۆمان لەناو هێزەکانی عێراقدا بناسرێین”
ژیندا شنگالی، فەرماندەی یەژەشە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان وەک هێزەکانی یەژەشە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کردووە و وتی: ماوەیەکی درێژە لە نێوان ئێمە و هێزەکانی عێراقدا دیدار و کۆبوونەوە دەکرێت، دەمانەوێت ئەو بڕیارانەی دەدرێن لە بەرژەوەندیی گەلەکەماندا بن، ئێمە دەمانەوێت بە ئیرادەی خۆمان لەناو هێزەکانی عێراقدا بناسرێین، لە پرۆسەی پێشوماندا بڕیاری زۆر گرنگ دەدرێن و لەگەڵ ڕای گشتیدا بەش دەکرێن، ئێمە جارێکی تر دیاری دەکەین کە ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەکەماندا نین، قبوڵ ناکرێن، ئێمە بڕوامان وایە ئەم هەنگاوە بۆ سەرجەم عێراق ببێتە هەنگاوێکی باش.