ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ بە هەموواری یاسای باری كەسی دەدات
پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بڵاوكردەوە، بڕیارە خوێندنەوە و دەنگدان بۆ ١٠ پرۆژە یاسا بكات، یەكێك لەوانە، دەنگدانە بە هەموواری یاسای باری كەسی.
ناوەندی هەواڵ
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە،ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوە و دەنگدان بۆ ١٠ پرۆژە یاسا كۆدەبێتەوە، یەكێك لەوانە، دەنگ بە هەموواری یاسای لێبوردنی گشتی دەدرێت، هەروەها ڕاپۆرتی پاراستنی موڵكی دەوڵەت دەخرێتەڕوو و دەخوێندرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیاری یاسای وەرزشوانانی عێراق بكرێت، هەروەها پەرلەمان دەنگدان بۆ هەموواری یاسای باری كەسی دەكات، كە ماوەی چەند مانگێگە مشتومڕی زۆری لە شەقامی عێراقی لێكەوتووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای خوێندن لە زانكۆ تایبەتەكان دەكرێت، هەروەها دەنگ لە سەر گەڕاندنەوەی زەوی و زاری هاوڵاتیان دەدرێت، كە لە سەردەمی بەعس دەستی بەسەرداگیرا بوو.
هاوكات ئەمڕۆ دەنگ بە هەموواری یاسای بودجە دەدرێت، دەنگ لەسەر بڕیارێك بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی پەرەوەردە بۆ گەڕانەوەی سیستەمی هەڵبژاردن دەدرێت، هەروەها دەنگدان لەسەر یاسای پێشنیاركراوی هەموواری یەكەمی یاسای دامەزراندن و هاوتابوونی بڕوانامەی عەرەبی و بیانی دەدرێت .
بڕیارە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراق كاتژمێر ٠١:٠٠ـی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.