" ئێمە لەگەڵ شنیارین و ڕێگر دەبین لەوەی کەیسەکە بەلاڕێدا ببرێت"
ئەمڕۆ دوای بەخاکسپاردنی شنیار هونەر لە شارۆچکەی سەیدسادق، پرسەکەی لە ماڵەی دایکی بەڕێوەچوو، گروپێک لە ژنانی تەڤگەری ئازادی و ڕژاک سەردانی پرسەکەیان کرد و پشتیوانی خۆیان تا سەرخستنی کەیسی شنیار هونەر دووپاتکردەوە.
ئاسودە محەمەد
شارەزوور- شنیار هونەر ئەو ژنە ٢١ ساڵەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێنرا دوایی پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی کۆچی دواییکرد و لە گۆڕستانی نوێی سەیدسادق بەخاکسپێردرا.
هەر ئەمڕۆ شاندێک لە ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سەردانی پرسە و گۆڕی شنیار هونەریان کرد لە شارۆچکەی سەیدسادق.
سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەدا مەبەستی بەشدارییەکەیان لە پرسەی شنیار هونەر پاڵپشتی کردنی کەیسی شنیارە و سورن لەسەر ئەوەی تاکۆتایی لەگەڵ کەیسەکە بڕۆن، وتیشی: نیگەرانین لەوەی کێشەی شنیار بەم کارەساتە گەشتووە، شنیار چەندین جار تۆراوە لە ترسی وشەی بێوەژن "بێ هاوژین" گەڕاوەتەوە لای هاوسەرەکەی.
سارا ڕەزا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جیابوونەوە باشترە لە ژیانکردن لەگەڵ پیاوێکدا ستەمی بەرامبەر بکات، داواکاریشە کەیسەکە بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر نەکرێت، "نابێت ژن کڕین و فرۆشتنی پێوەبکرێت".
ژینۆ ڕەشید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان بەداخە بۆ کوشتنی ژنێکی تر و دەڵێت: دوای گیانلەدەستدانی شنیاریش ئێمە لەگەڵ شنیارین و ڕێگر دەبین لەوەی کەیسەکە بەلاڕێدا ببرێت، قسەمان لەگەڵ دایکی شنیار کردووە و تائێستا دەڵێت بە هیچ بڕە پارەیەک ڕازی نابین و سوڵح ناکەین داواکارین کەیسی شنیار ون نەبێت و بکوژ بەسزای خۆیی بگات.
شنیار هونەر یەکەمین ژن نییە بکوژرێت و لە ڕابردوودا کەیسی سێوان قادر هاوشێوەی شنیار هونەر بووە، بەڵام بە داکۆکیکردن و سور بوون لەسەر کەیسی سێوان قادر دوای ١٧ دانیشتن دادگا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر بکوژەکەیدا سەپێنرا، داوا و چاوەڕێش دەکرێت کەیسی شنیار هونەریش بەهەمان شێوە بگاتە سزادانی تاوانبار.
ت.پ