ئەمە چیرۆکی ونبوون نییە، چیرۆکی بێسزادرانە دەربازبوون لە سزا
دەنیز گولونای، کچی حەسەن گولونای، سەبارەت بە ناوی خۆی وتی: هەمیشە پێیان دەوتین ونبووە، بەڵام من هەرگیز باوەڕم نەکرد. باوکم بەهۆی سیاسەتی سیستماتیک و لەناوبردنی دەوڵەتەوە لەژێر چاودێریدا بێسەروشوێن کراوە
ئەستەنبوڵ
دایکانی شەممە و مرۆڤدۆستان بە دروشمی با ونبووەکان بدۆزرێنەوە، بکوژان دادگایی بکرێن لە هەفتەی ١١١٠ـەمینیاندا لە مەیدانی گەڵاتەسەرای ئەستەنبوڵ چالاکییە هەفتانەکەی خۆیان ئەنجامدا.
لە چالاکییەکەدا، پرسیار لە چارەنووسی حەسەن گولونای کرا کە پێش ٣٤ ساڵ و لە ٢٠ی تەممووزی ١٩٩٢دا بێسەروشوێن کرابوو. دەقی ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن جیھان کایا، یەکێک لە ئەندامانی دایکانی شەممە، خوێندرایەوە.
زانیاریی دەستبەسەرکردنی ڕەتکرایەوە
جیھان کایا ئاماژەی بەوە کرد کە عەلی ئەکبەر ئاتماجا لە ٢٣ی ئایاری ١٩٩٢دا لە ئارتڤین دەستبەسەر کراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە، پاشان بەم شێوەیە باسی لە بەردەوامیی چارەنووسی حەسەن گولونای کرد: لە ٢٠ی تەممووزی ١٩٩٢دا، حەسەن بۆ سەر کارەکەی لە ماڵەکەی خۆی لە تارابیا دەرچوو و ئیتر نەگەڕایەوە. کەسێک لەو شوێنەی حەسەن کاری لێ دەکرد پەیوەندی کرد و وتی "ئەو لە لقی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆرەوە پەیوەندی دەکات و حەسەن دەستبەسەر کراوە. بەڵام سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، وەڵامی "حەسەن دەستبەسەر نەکراوە"یان پێدرایەوە. پاشان بنەماڵەی گولونای لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەستەنبوڵ، حوسێن کۆجاداغ، کۆبوونەوە. حوسێن کۆجاداغ بە بنەماڵەکەی وتبوو: "حەسەن گولونای لەژێر دەستبەسەریدایە و زیندووە. کەسێکیش بە ناوی (ئـ. چ) حەسەن گولونای لە ئاسایشی ئەستەنبوڵ بینیبوو. حەسەن گولونای بە (ئـ. چ)ی وتبوو: من حەسەن گولونام، دەیانەوێت لەژێر دەستبەسەریدا ونم بکەن." کەسێکی تریش بە ناوی (هـ. ک) ڕایگەیاندبوو کە ئەویش لە ١٩ی تەممووزی ١٩٩٢دا دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ ئەشکەنجە دراوە. پۆلیس بە (هـ. ک)یان وتبوو: ئێمە حەسەن گولونامان کوشت، ئێستا سەرەی تۆیە.
چارەنووسی حەسەن گولونای ئاشکرا نەکرا
جیھان کایا باسی لەوە کرد کە بنەماڵەکەی سەردانی سەرۆکایەتی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ و سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان کردووە و وتی: وەزیری ناوخۆ، ناهیت مێنتەشێ، لە پەرلەماندا وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە و وتی: ئەم دەنگۆیانە هەمووی پڕوپاگەندەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانن. هێزەکانمان وەک هەمیشە بۆ یەکپارچەیی دەوڵەت کار دەکەن." دادگای دەستووری باڵاش لە ٢١ی نیسانی ٢٠١٦دا بڕیاریدا کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و باش ئەنجام نەدراوە. بەڵام هێشتا چارەنووسی حەسەن گولونای ئاشکرا نەکرا.
"دەبێت دەوڵەت بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات"
جیھان کایا بەم وتانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئێمە لە ٣٤ەمین ساڵیادی ونکردنی حەسەن گولونایدا، بانگەواز لە بەرپرسانی دەوڵەت دەکەین. دەبێت دەوڵەت بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. چەندین ساڵیش تێپەڕێت، ئێمە هەر پرسیار لە چارەنووسی ونبووەکانمان دەکەین.
"ئەمە چیرۆکی ونبوون نییە، چیرۆکی بێسزادرانە"
پاشان پەیامێک کە لەلایەن دەنیز گولونای، کچی حەسەن گولونایەوە نێردرابوو، لەلایەن مەسیدە ئۆجاکەوە خوێندرایەوە. لە پەیامەکەدا هاتبوو:
لەو ڕۆژەدا، تەنها کەسێک ون نەبوو. بەڵکو ژیانی بنەماڵەیەک، منداڵیی چوار منداڵ و چیرۆکێکی بێبڕانەوە لە یادەوەریی وڵاتێکدا دەستی پێکرد. ئەمە چیرۆکی ونبوون نییە، چیرۆکی ئینکارکردن و بێسزادرانە دەربازبوون لە سزا. دوای ئەو ڕۆژە، ژیانی ئێمە بە وشەکانی چاوەڕوانی، دادپەروەری، یاسا، ڕاستی و بەسەرچوونی کات تێپەڕی. سەرەتا بە کاتژمێر، پاشان بە ڕۆژ و لە کۆتاییدا بە ساڵان چاوەڕوان بووین. هەر جارێک کە لە دەرگا دەدرا، وامان بیر دەکردەوە کە زانیارییەک لەسەر باوکم هەیە. لە هەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، هیوامان دەخواست ببیستین چی بەسەر باوکم هاتووە، بەڵام هیچی لێ سەبز نەبوو. تەنها بێدەنگی گەورەتر دەبوو. هەمیشە پێیان دەوتین "ونبووە"، بەڵام من هەرگیز باوەڕم نەکرد. دەستە تاریکەکانی دەوڵەت بۆ بێدەنگکردنی ئەو کەسانەی کە دژیان دەوەستانەوە، ڕێکخرابوون. باوکم نەدۆزرایەوە. بەو هۆیەوە من هەمیشە ئەمەم وتووە: باوکم ون نییە، بەڵکو لە ئەنجامی سیاسەتی سیستماتیکی لەناوبردنی دەوڵەتەوە لەژێر چاودێریدا بێسەروشوێن کراوە.
"حەسرەت بە تێپەڕبوونی کات لە ناخی مرۆڤدا قووڵتر دەبێتەوە"
دەیانوت بکوژ و تاوانبارەکە نادیارە، بەڵام لە ڕاستیدا تاوانبارەکە دیار بوو، تەنها ناوەکەی نەدەوترا. هەرچەندە من گەورە دەبووم، حەسرەتیشم گەورەتر دەبوو. چونکە هەندێک حەسرەت بە تێپەڕبوونی کات کەم نابنەوە، بە پێچەوانەوە، لە ناخی مرۆڤدا قووڵتر دەبنەوە. لە ژیانی منداڵێکدا، بێباوکی تەنها نەبوونێک نییە، بەڵکو دەبێتە پرسیارێک کە هەمیشە دووبارە دەبێتەوە. من هەمیشە هەمان پرسیارم لە خۆم دەکرد: باوکم لەکوێیە؟ ئەم پرسیارە لە درێژەی ساڵاندا نەگۆڕا، تەنها قورساییەکەی زیاتر بوو. هەر ڕۆژێک کە وەڵام نادرێتەوە، مانای ئەم پرسیارە کەمێک گەورەتر دەبێت. هەمیشە پێیان دەوتین "لەبیری بکەن"، بەڵام ئێمە ئەمەمان قبووڵ نەکرد. چونکە قبووڵکردن، بەواتای ئاساییکردنەوەی ئەو شتە دێت کە بەسەرمان هاتووە. بەڵام ئەوەی ڕوویدا ئاسایی نییە. من ئەمڕۆش هێشتا لە هەمان شوێنم. هێشتا لەناو هەمان پرسیاردام و دەزانم کە ئەمە تەنها پرسیاری من نییە. ئەمە هەمان پرسیارە بۆ هەر کەسێک لەم وڵاتەدا کە منداڵێک، خوشک و برایەک، هاوسەرێک یان باوکێکی ون کردبێت. ئێمە لە چاوەڕوانی وەڵامداین و تا ئەم پرسیارە وەڵام نەدرێتەوە بێدەنگ نابین. ئێمە لێرە دەبین.
چالاکییەکە، بە دانانی گوڵی مێخەک لە مەیدانی گەڵاتەسەرای کۆتایی پێهات.