یەکێتی ژنان: لە دوو مانگدا ١٠ژن کوژراون و سوتێنراون
بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، یەکێتی ژنانی کوردستان مەڕاسیمێکیان ڕێکخست و جەختیان لەوەکردەوە، ژنانی کوردستان پێویستییان بە دروستکردنی کۆدەنگییەکی سەرانسەریی نەتەوەیی بۆ گۆڕینی کلتور و فەرهەنگی دواکەوتووی دژە ژن هەیە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/03/20220308-2-jpg85e549-image.jpg)
بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، یەکێتی ژنانی کوردستان مەڕاسیمێکیان ڕێکخست و جەختیان لەوەکردەوە، ژنانی کوردستان پێویستییان بە دروستکردنی کۆدەنگییەکی سەرانسەریی نەتەوەیی بۆ گۆڕینی کلتور و فەرهەنگی دواکەوتووی دژە ژن هەیە.
سلێمانی
بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم تەلاری تەوار لە شاری سلێمانی، یەکێتی ژنانی کوردستان ناوەندی سکرتاریەت، بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، بە دروشمی "نا بۆ ژن کوشتن" دژی کوشتنی ژنان مەڕاسیمێکی تایبەتیان ئەنجامدا
ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی چالاکوان، سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و ئەندامی ڕێکخراوە جیاوازەکان لەگەڵ بەشێک لە ئەفسەر و پێشمەرگەی ژن، لە مەڕاسیمەکەدا ئامادەبوون، هەروەها بەشێک لە پیاوانیش بە هێنانی دەستە گوڵ ئەم ڕۆژەیان لە ژنان پیرۆزکرد.
لە مەڕاسیمەکەدا لە پێشانگایەکدا بە ناونیشانی “نابۆ ژن کوشتن” وێنەی ئەو ژنانە نمایشکرا، کە لە ماوەیکانی ڕابردوودا بە بیانوی جیاواز کوژراون.
هەر لە مەڕاسیمەکەدا، کنێر عەبدوڵا بەیاننامەی یەکێتی ژنانی خوێندەوە و وتی: "لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ١٠ ژن کوژراون و سوتێنراون، ئەم دیاردەیە گشتگیرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەرێمی کوردستانیش هاوڕێ لەگەڵ سەرکوتکردنی کورد و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی لەلایەن داگیرکەرانەوە، فەرهەنگی دواکەوتوویی دژە ژن لە گەشەسەندندایە، ژنانی کوردستان پێویستییان بەوەیە هەوڵەکانیان چڕبەکەنەوە بۆ دروستکردنی کۆدەنگییەکی سەرانسەری نەتەوەیی بۆ گۆڕینی ئەو کلتور و فەرهەنگە دواکەوتووە".
لەکۆتاییشدا لەسەر بۆردێکی سپی، ژنانی ئامادەبووی مەراسیمەکە بە بۆیەی ڕەنگی مۆر شوێن دەستی خۆیان مۆرکرد و واژۆیان کرد.
ت.پ