ئەکتەرێکی ئەفغانی لە پێشبڕکێی جیهانی ڕۆبۆتیک دوو مەدالیای بەدەستهێنا

هەرچەندە حکومەتی یۆنان ڤیزەی بە ئەندامانی تیمی ڕۆبۆتیکی ژنانی ئەفغانستان نەدا، بەڵام تاکە ئەندامی تیمی ڕۆبۆتیکی ژنان کە بەشداری یەکەمین پێشبڕکێی جیهانی ڕۆبۆتیکی کرد، توانی دوو مەدالیا بەدەستبهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

تیمی “ڕۆبۆتیکی ژنانی ئەفغانستان” دوێنێ ٣ی تشرینی یەکەم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، هەرچەندە حکومەتی یۆنان ڤیزەی بۆ ئەندامانی تیمەکە دەرنەکردووە، بەڵام غەزال کە تەمەنی ١٣ ساڵە، تاکە ئەندامی ئەم تیپە کە لە ئەوروپا چووبوو بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێکەدا، دوو مەدالیای بەدەستهێنا.

 

تیمی ڕۆبۆتیکی ژنانی ئەفغانستان نووسیویەتی: “غەزال وەک گەنجترین ئەندامی تیمەکە بەشداریی لە یەکەمین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیدا کرد کە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بەڕێوەچوو و توانی دوو مەدالیا لەناو نوێنەری ١٩٠ وڵاتدا بەدەستبهێنێت.

 

ئاماژە بەوەکراوە، سەرەڕای ئاستەنگە زۆرەکان، غەزال توانی ئاڵای ئەفغانستان بەرز بکاتەوە و بە باشترین شێوە خۆڕاگری و درەوشاوەیی ژنانی ئەفغانستان نیشان بدات.

 

تیمی ڕۆبۆتیکی ژنانی ئەفغانستان کە تەنها بە یەک نوێنەرەوە بەشداری ئەم پێشبڕکێیەیان کرد، لە یەکەم پێشبڕکێی جیهانی ساڵی ٢٠٢٤دا سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی مەدالیای "خەڵاتی سەلامەتی" و "تەحەدای میدیا".

 

ساڵی ڕابردوو ئەم تیپە توانی مەدالیای زیو لە پێشبڕکێی یەکەمی جیهانی ٢٠٢٣ بەدەستبهێنێت، ئەندامانی تری ئەم تیپە لە بەریتانیا و کەنەدا بوون و بەهۆی پێنەدانی ڤیزە لەلایەن یۆنانیەوە نەیانتوانی بەشداری ئەم پێشبڕکێیە بکەن.