ئەکادیمیست ناتاشا ئەسفاری: پێویستە ژنان لە هەموو بوارێکدا خەبات بۆ بوونی خۆیان بکەن
ناتاشا ئەسفاری، ئەکادیمیست، کە لە زانکۆی حەلەب وانە دەڵێتەوە، وتی: پێویستە ژنانی سووریا لە کۆمەڵگەدا چالاک بن، لەبەرئەوەی بە فەرمی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا جێگەیەک بە ژنان نادرێت، من ڕەخنە دەگرم.
دڵپاک داغ
حەلەب - لە سووریا ژنانی شارە جیاوازەکانی وڵات کۆدەبنەوە و چالاکییەکان ڕێکدەخەن، لەلایەک ئاهەنگی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەگێڕن، لەلایەکی دیکەشەوە ڕایدەگەیەنن کە ڕێگە نادەن تەحریر شام و چەتەکانی پەیوەندیدار دۆخی ئەوان وەک دۆخێکی دواکەوتووانە بخەنە ڕوو.
ناتاشا ئەسفاری، مامۆستای زانکۆی حەلەب باسی لەوەکرد، پێویستە بارودۆخی ئێستا لە دوولاوە هەڵبسەنگێندرێت و وتی: لە لایەک ژنان هیوادارن، لە لایەکی دیکەوە ڕەزامەندنین لەسەر کارەکانی چەتەکانی تەحریر شام و گروپەکانی سەر بەوان.
"پێویستە ژنان بوارەکانی خەبات و بەرخۆدان زیاد بکەن"
ناتاشا ئەسفاری داوای لە هەموو ژنانی سووریا کرد بەشداری چالاکییەکان بکەن و ڕایگەیاند، پێویستە ژنان مەیدانەکانی خەبات و بەرخۆدان فراوانتر بکەن، پێویستە بەرخۆدان وەک کولتوورێکی کۆمەڵایەتی جێگیر بکرێت، نەک تەنها بۆ ژن، بەڵکو بۆ هەموو دەسەڵاتێکی کۆمەڵگە ماف بە بێ خەبات نادرێت.
"ئەگەر ژنت نەبێت هەموو شتێک نیوە تەواو بووە"
ناتاشا ئەسفاری ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان نیوەی کۆمەڵگەن، بەڵام لەم وێنەیەی ئێستادا ژنان لەو شوێنەدا نین کە شایەنیانە و ئەو ڕۆڵە قبوڵ ناکەن کە بڕیارە بیگێڕن و وتی: کۆمەڵگە لە ژن و پیاو پێکدێت و ئەوانیش دەبێت تەواوکەری یەکتر بن، ئەگەر ژنان بەشدارییان نەبێت، هەموو شتێک نیوە تەواو دەبێت، پێویستە لە بواری پەروەردە و سیاسەت و ئابووریدا ئەرکەکان بدرێت بە ژنانیش.
"ژن هێمای هەموو کۆمەڵگەیە"
ناتاشا ئەسفاری باسی لەوە کرد کە ژنان دادپەروەری و یەکسانی و ڕووناکییان دەوێت، پێویستە ژنان ڕۆڵێکی گەورە بگێڕن و لە کۆتاییدا وتی: ئیدانەی ئەو دۆخەی ئێستا دەکەم کە لە بواری فەرمیدا رێگە بە ژنان نادرێت، ژنان هێمای هەموو کۆمەڵگەن.