ئەکادیمیای ژینا چالاکییەکانی دەستپێدەکات
ئەکادیمیای ژینا لە سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، بە دروشمی "لە دژی لەناوچوون، تێگەیشتن لە فێربوون وەک بەرخۆدان و یەکدەنگی لە کرداردا" دەست بە چالاکییەکانی دەکات.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١٦ی ئەیلوول لە سێیەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە، پانێڵێکی ئۆنلاین لەسەر پلاتفۆرمی زووم بەڕێوەچوو، ئەم پانێڵە ئامانجی پێداچوونەوەیە بە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا و لە هەمانکاتدا ئەکادیمیای ژینا چالاکییەکانی لە بواری زانستە مرۆییەکان و دیراسەی کۆمەڵایەتیدا دەستپێدەکات.
پانێڵەکە کە لەلایەن ئەکادیمیای ژینا لە شاری تۆرۆنتۆی وڵاتی کەنەدا ڕێکخرا، هەریەک لە ئەکادیمیستەکان شێکۆ سێکی، هەڤاجین بەقالی، نەسرین سارامی، نیلوفەر گۆڵکار، سەردار سەعدی و شاهۆ مەحمودی بەشدار دەبن و لەلایەن ڕۆزین موکریان سەرپەرشتی کرا.
ئەکادیمیاکە بارەگاکەی لە کەنەدایە و بە دروشمی "لە دژی لەناوچوون، تێگەیشتن لە فێربوون وەک بەرخۆدان و هاودەنگی لە کرداردا" دامەزراوە.
ئەکادیمیای ژینا خۆی بە پەرەپێدانی بیرکردنەوەیەکی دەستەجەمعی و فێربوونی فرە زمانی و بەرخۆدانی زانستی پێناسە دەکات کە لە خەبات و ئەزموونەوە لەدایک بووە. ئەکادیمیا لەجیاتی ئەوەی بە واتای نەریتی زانکۆ بێت، خۆی وەک پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتی پێناسە دەکات کە لەسەر نەریتی فێمینیست و دژی ڕەنجخواردن بونیاد نراوە.
یەکەم بەرنامەی ئەکادیمیاکە کە لە پاییزی ٢٠٢٥ دەستپێدەکات، پشتگیری لە خولی ئۆنلاین، وۆرک شۆپی نووسین و توێژینەوە، پڕۆژەی داهێنەرانە و هاوبەش، توێژینەوەی مەیدانی، وەرگێڕان، و بەرهەمهێنانی میدیا دەکات، وانەکان بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، فارسی پێشکەش دەکرێن.
لە ئێستادا ئەکادیمیاکە لەگەڵ زانکۆکانی کەنەدا کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی باوەڕپێکراوی فەرمی، هەروەها ناونوسکردن بەخۆڕاییە و کراوەیە بۆ هەموو دەرچووانی ئامادەیی.