ئەکادیمیای شەهید ئاقیدە هەوڵ بۆ بەهێزکردنی ژنان و گەنجان دەدات
ئەکادیمیای شەهید ئاقیدە بۆ پەروەردەی ژنان و گەنجان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەو پەروەردانەی کە پێشکەشی دەکات، ژنان و گەنجان بەهێز بکات.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250208-jpgfc43fc-image.jpg)
زەینەب عیسا
قامیشلۆ -پەروەردە ئەو کلیلەیە کە دەرگای ئایندەیەکی گەش بۆ مرۆڤەکان دەکاتەوە و پرۆسەی فێربوون و بەدەستهێنانی زانستە، بەم شێوەیە زانیاری و لێهاتوویی و بەها و تێگەیشتن لەبارەی جیهانی دەوروبەرەوە بەدەست دەهێندرێت، ئەکادیمیای شەهید ئاقیدە بۆ پەروەردەی ژنان و گەنجان، لەسەر ناوی یاد ئاقیدەیە، کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە هێرشی دەوڵەتی تورکدا کرایە ئامانج، لە ناوچەی عامودا لە شاری قامیشلۆ لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا کرایەوە و ئامانجێکی هاوشێوەی هەیە، ئەکادیمیای شەهید ئاقیدە خولی پەروەردەی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات و دەرفەتی فێربوون بۆ ژنان و گەنجانی کۆمەڵگە دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی زانیاری.
نیرۆز ئەسەد، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای شەهید ئاقیدە، سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی ئەکادیمیا بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
‘ئەم ئەکادیمیایە سەربەخۆیە و بەشێکی پەیوەندی بە دادپەروەری ژنانەوە هەیە’
نیرۆز ئەسەد ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی ئەکادیمیاکە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و وتی: بەڵام بە فەرمی تەنیا ساڵێک لەمەوبەر دەستمان بە کارەکانی کردووە٫ پەروەردەی ئایدیۆلۆژی لە ئەکادیمیاکەمان بیندرا٫ ئەمەش بەشەکانی تایبەت بە دادپەروەری، ڕێکخستنی کۆمەڵگە و کاری داڵدەدانی ژنان لەخۆگرتووە، ئەم ئەکادیمیایە سەربەخۆیە و بەشێکی پەیوەندی بە دادپەروەری ژنانەوە هەیە، تا ساڵێک پەروەردەکانمان وەک سیمینارێک بوو، هەندێک جار هەفتەیەکی دەخایاند، زیاتر لەسەر لایەنی یاسایی و کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام دوای ساڵێک بەشی زیاترمان بۆ پەروەردەکانمان زیاد کرد لە هەندێک بابەتدا.
'ئێمە کار دەکەین بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان'
نیرۆز ئەسەد سەرنجی بۆ ئەو دەرفەتە پەروەردەیییانەی ڕاکێشا کە بۆ ژنان دروستی دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو دۆخەی ئێستا تێیداین دۆخێکە کە ئاستەنگی زۆر بۆ ژنان هەیە، لەم ڕووەوە ویستمان بەشەکانی تر بۆ ژنان پەرە پێبدەین، زۆرن ئەو ژنانەی کە ناتوانن لە ماڵەوە بژێوی ژیانی خۆیان بەدەستبهێنن و ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت دەبنەوە و توانای ڕێکخستنی خۆیان نییە، ئەم دۆخەی ئێستا ئێمە تێیداین کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر دەروونی مرۆڤەکان هەیە و ئەمەش کاریگەری زیاتری لەسەر دۆخی ژنان هەیە، ئێمە لە ڕێگەی ئەم ئەکادیمیایەوە ویستمان ژنان لەو دۆخەی ئێستا دوور بخەینەوە، زۆرن ئەو ژنانەی تەنیا مانەوەیان لە ماڵەوە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و عەقڵیەتیان دەبێت، بەڵام بەم پەروەردەیە، پێشکەوتنی زۆر هەیە کە لەم ژنانەدا دەیبینین.
‘بەم دواییە بەشی ڕاگەیاندنمان زیاد کردووە’
هەروەها نیرۆز ئەسەد باسی ئەو بەشە پەروەردەیییانەی کرد کە کردوویانەتەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو بەشەی یەکەم جار کردمانەوە بەشی دروومان بوو، پاشان پارچەمان بۆ زیاد کرد، ئێستا چەند بەشێکی هەیە، شت گەلێکی وەک بەشی ئارایشتگاو بەشی تەکنیکی هەیە، لە کۆتاییدا بەشی ڕاگەیاندنمان زیاد کرد، لەگەڵ کردنەوەی ئەو بەشانە خەڵکێکی زۆریش کاریگەری ئەم کارەیان لەسەر بوو و دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بەشداریکردن لەم کارە، کاتێک دامەزراندن و کار لە شوێنێکدا کەم دەبێتەوە، خەڵکێکی زۆر ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکەن بۆ کارکردن، بۆ ڕێگریکردن لەو کێشانە، ئەرکێکی لەو شێوەیەمان لە ئەستۆ گرتووە.
'ئێمە دەمانەوێت لە ناوچەکانی دیکەشدا گەشە بکەین'
نیرۆز ئەسەد ڕایگەیاند کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی لقی ئەکادیمیا لە شار و ناوچەکانی تر، و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کاتێک دەستمان بەم کارە کرد، ڕووبەڕووی هەندێک کێشەی دارایی بووینەوە، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی کارەکە پاڵپشتییەکی زۆرمان لەم کارە وەرگرت، وەک ئەکادیمیای شەهید ئاقیدە، هەوڵەکانمان تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئەوەیە کە چۆن دایکان دەتوانن ببنە نموونە بۆ ئەم کۆمەڵگەیە، هەروەها پرۆژەی داهاتوومان هەیە بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕن، دەمانەوێت کارە ئەکادیمییەکانمان لە بوارەکانی دیکەشدا فراوانتر بکەین.