لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا چالاکوانانی گەرمیان بەیاننامەیان بڵاوکردەوە
لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا چالاکوانانی گەرمیان هاتنە لای یەک و بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا داگیرکردنی خاکی هەرێمە، بانگەوازیشیان لە هەمووان کرد، بێنە دەنگ و هەڵوێسی نیشتیمانی خۆیان ڕابگ
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنء، بەشێک لە چالاکوانان و سیاسەتمەداران لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان کۆبوونەوە و باسیان لە دۆخی ئێستای باشووری کوردستان و هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرد و ناڕەزایەتییەکانیان بە بەیاننامەیەک بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو:
لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر خاک و نیشتیمانەکەماندا، ئەمڕۆ وەکو کۆمەڵێک چالاکوان و کەسایەتی کۆبووینەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگ و چارەنووسسازمان کرد، کە خۆی لە بەدەمەوە چوونی پرسی ژینگە و وەستانەوە دژی پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەبینێتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە ئێستاشدا ناوچەی بادینانی گرتووەتەوە و ١٥ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو قوڵایی خاکی هەرێم، هەروەها ٧ بنکەی سەربازی نوێی داناوە، کە بووەتە هۆی ئاوارە بوونی دانیشتوانی ئەو ناوچانە و سووتاندنی دار و درەختەکانیان، ئەمەش مەترسی گەورەی ژینگەیی درووست کردووە.
هەروەها ڕایانگەیاندووە، لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بێدەنگی لە تاوانی کوشتن و بەزاندنی سنوورەکان دەکرێت، لە کاتێکدا ئامانجی ئەم هێرشانە داگیرکردنی خاکی هەرێم و ئاوارەکردنی خەڵکی مەدەنییە بەتایبەت گوندنشینان، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانیشە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداد هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.
چالاکوانان داوا لە خەڵکی گەرمیان دەکەن، لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێنە دەنگ و هەڵوێسی نیشتیمانی خۆیان بەرامبەر ئەم داگیرکارییانە ڕابگەیەنن، وەک دەستپێکیش داوای بایکۆتی کاڵای تورکی دەکەین.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، لە ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی سوتاندنی ڕەز و باخەکانی هەرێم، بە چاندنی نەمام و چەند کۆڕ و سیمینارێک دەدینەوە، دواتریش هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دەست پێ دەکەین.